دوو یاریزانی ئیسپانیا بەهۆکاری سیاسی سزا دەدرێن

وەرزش

24/07/2024     ژمارەی بینراو 319

راچڵەکین-

کاپتنی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهۆی لێدوانە سیاسییەکانیانەوە بە پێشێلکردنی یاسای یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا تۆمەتبار کران.

ئەلڤارۆ مۆراتا و ڕۆدری هێرناندێزی کاپتنی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەلایەن لیژنەی یەکێتی ئەوروپا (یوفا) کران، بەهۆی ئەوەی دوای بردنەوەی یۆرۆی ٢٠٢٤ هەردوو یاریزانەکە لێدوانی سیاسییان داوە.

کاتێک مۆراتا و ڕۆدری لە ئەڵمانیاوە گەڕانەوە، دروشمی سیاسییان دا و وتیان "جەبەل تاریق بەشێکە لە ئیسپانیا".

لێدوانەکانی ئەم دوو کەسە سەبارەت بە وڵاتێک کە بە بەشێک لە خاکی بەریتانیا دادەنرێت و بێگومان لە مێژە ناکۆکی لەنێوان ئیسپانییەکان و ئینگلیزەکاندا لەسەر خاوەندارێتییەکەی دروستبووە، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە گرنگترینیان سکاڵاکردنی بەرپرسانی جەبەل تاریق بوو لەو دوو یاریزانە.

بەم شێوەیە یوفا دۆسیەیەکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە دەستپێکرد، کە ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە دوو ئەستێرەکەی لارۆخا، تۆمەتبارکران بە "پێشێلکردنی بنەما گشتییەکانی ڕەفتار، پێشێلکردنی ستانداردە ئەخلاقییەکان، خراپ بەکارهێنانی ڕووداوە وەرزشییەکان بۆ چالاکییە نا وەرزشییەکان ، و ناوزڕاندنی وەرزشی تۆپی پێ بە تایبەتی ئەو وەرزشەی کە لەلایەن یوفاوە سەرپەرشتی کراون."

ئەگەر ئەو تۆمەتانە بسەلمێنرێن کە بۆ مۆراتا و ڕۆدری دەگەڕێنرێنەوە، ئەگەری سڕکردنیان زۆرە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن