تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی خەڵکی کردووە

کوردستان

24/07/2024     ژمارەی بینراو 427

راچڵەکین-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت تۆمەتبارێکمان دەستگیرکردووە، کە هەڕەشەی لە خەڵک کردووە و وێنەی و گرتەڤیدیۆی نەشیاوی لە مۆبایلەکەیدا هەڵگرتووە و هەڕەشەی بڵاوکردەوەی کردووە.

پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، دوای ئەوەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە لایەن ئافرەتێکەوە ئاگادار کرایەوە کە کەسێک بەناوی (لوقمان مەولان ئیسماعیل) هەڕەشەی لێكردووە، پاش ئاگادارکردنەوەی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، لەگەڵ ڕەوانەکردنی بەڵگەکان بۆ دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی (2) ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، لە ڕێکەوتی (١٤-١-٢٠٢٤) تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر کرا.

دەشڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلەکەی، بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار (لوقمان) هەڕەشەی لە دادخواز و ئامۆزایەکی دادخواز بە ناوی ( ھ. ف س)، (د. گ .س) کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ڤیدیۆی نەشیاوی ڕووتی هەردووكیانی لایە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوی دەكاتەوە.

پۆلیس دەڵێت، پاش لێكۆڵینەوەی چڕتر لەم بابەتە. بۆمان دەرکەوت لە ناو مۆبایلەکەی چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆیی نەشیاوی وەك ( سیحر و جادوو و وێنەی ماددەی هۆشبەر و تۆماری دەنگی و هەڕەشەکردن دژی ئافرەتان)ی تێدایە، و تۆمەتبار چەندین پەیجی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دروست کردووە بە ناوی گروپی گۆڤەند (CTS) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنەی بەدڕەوشتی، و بەکارهێنانی ناوی ئەم گروپە وەك هەڕەشەكردنێك بووە لەسەر ئافرەتان و بە تایبەتی كچان، بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیكی زۆر بەرامبەر بەوەی كە وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاو نەكرێتەوە .

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس هاتووە:" لێرەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكەین لە كاتی ڕووبەڕو بوونەوەی هەر هەڕەشەیك لەگەڵ  كەسانی هاوشێوە،  تكایە بە زووترین كات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیەكەمانەوە بكەن بۆ ئەوەی تیمەكانمان رێکاری یاسایی
وەرگرن. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن