لە حەوت مانگدا 49 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون

چاوپێکەوتن

24/07/2024     ژمارەی بینراو 163

راچڵەکین-

ساڵانە ئامارەکانی خنکان لە بەرزبوونەوەدایە و، ئەمساڵیش لە هەرێمی کوردستان ژمارەکە بەجۆرێک بەرزبووەتەوە کە بەرپرسان و هاووڵاتییانیشی تووشی نیگەرانی کردووە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا نیگەرانی خۆیشی دەردەبڕی لەبارەی زیادبوونی ژمارەی خنکاوان.

موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم، لەبارەی هەوڵەکانییان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و ڕێگرییکردن لە خنکانییان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، بەڕێوەبەرایەتییەکانمان پابەند دەکرێن بۆ ئەوەی تیمەکان بکەونە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ ئەوەی کاتێک هاووڵاتییان سەردانی شوێنەکان دەکەن، تیمەکان ئامادەییان لەو شوێنانە هەبێت".

جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئاماری ئەمساڵ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە: "ئەوەی جێگای داخە کە ئێستا لە مانگی تەمووزین، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماکراوە لە ئاماری خنکان کە بریتییە لە ٤٩ هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێم بەهۆی ئاوەوە خنکاون، زۆربەیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، ساڵانی دیکە زۆربەی ئەوانەی دەخنکان خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوون، بەڵام ئەمساڵ ئەوانەی خنکاون خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بە گشتی لە کۆی ئەم ژمارەیە ٩ کەس لە پارێزگای هەولێر، ٩ کەس لە پارێزگای سلێمانی، ٦ کەس لە پارێزگای دهۆک، ٨ کەس لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ئەوانی دیکەش لە ئیدارە سەربەخۆکانن کە زۆرترینیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە، هەموو تەرمەکان دۆزراوەتەوە، تەنیا یەک حاڵەت ماوە کە منداڵێکی ناکامە تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە، لەلای ئێمە بە ونبوو هەژمار دەکرێت تا ئەو کاتەی تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە".



لەبارەی هۆکارەکانیشی، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش گوتی: "هۆکارەکەی بریتییە لە گوێ نەدان بە ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی، گرنگی نەدان بە خۆپاراستن و سەلامەتی کە وادەکات ئامارەکان بەرزبن، لە کاتێکدا تابلۆی هۆشیارکردنەوە لە ناوچەکان هەڵدەواسین، ڕۆژانی هەینی وشەممە و بۆنەکان، تیمەکانمان ئامادەییان لە شوێنەکان هەیە، بەڵام بەشێک لە هاووڵاتییان گوێ بە ڕێنماییەکان نادەن و هەندێکجار دەبێتە هۆکاری خنکانیان".

بە وتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی ئەوانەی خنکاون تەمەنییان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵاندایە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ لەم تەمەنەدا کەمتر گوێ بە مەترسی و ڕێنماییەکان دەدات هەر بۆیەش زیاتر گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە لەم ڕووداوانەدا.

سەرکەوت کاڕەش وتیشی: "ئەو ئاوانەی کە لە سنووری هەرێمی کوردستان هەن شیاو نین بۆ مەلەکردن چونکە ئاوی کانیاوەکانن کە لە بەرزاییەکانەوە دێنە ناو ڕووبارەکان و پلەی گەرمییان نزمە ئەمەش وادەکات مەلەوان تووشی گرژبوونی ماسوولکە بێت، هەروەها بەشێک لەو ئاوانە تیژڕەون و ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی ئەوانە دروست دەکات کە دەچنە ناو ئاوەکە".

سەبارەت بە کەلوپەلی تیمەکانی بەرگری شارستانی، سەرکەوت کاڕەش گوتی: "هەموو تیمەکانمان کەلوپەلی پێویستیان لەبەردەستە، بەتایبەت کارمەندانی ژێر ئاو، هەروەها ساڵی ڕابردوو هەشت ئۆتۆمبێلی تایبەت بە غەواس لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ کڕدرا و هەر بەڕێوەبەرایەتییەک ئۆتۆمبێلی وەرگرت کە سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکانی تیدایە".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی وتیشی: "دوو هۆکار هەیە کە شوێنە گەشتیارییەکان سەلامەتترن، ئەویش چونکە شوێنە گەشتیارییەکان پابەند کراون کە کەسانی مەلەوان و تایبەتمەندیان لە شوێنەکە هەبێت ئینجا مۆڵەتیان پێ دەدرێت، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە تیمەکانمان لەو شوێنانە بوونییان هەیە بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و لەم چوارچێوەیەشدا لەمیانی ئەمساڵ تیمەکانمان توانیوویانە ١٠٠ کەس لە خنکان ڕزگار بکەن، هەروەها زۆرجاریش لەو شوێنانە ماسیگر و خەڵکی ناوچەکەش هاوکاری تیمەکانی ئێمەن".



بە وتەی سەرکەوت کاڕەش، تیمەکانییان ڕاهێنراون و بەشێکی زۆریشیان شارەزای جوگرافیای ناوچەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی هەر ڕووداوێکدا بتوانن قەبارەی کارەساتە کەمتر بکەنەوە و گیانی هاووڵاتییان بپارێزن.

لەبارەی توانای تیمەکانیشەوە، سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بەوەکرد: "تیمەکانی ژێر ئاو، مەلەوانن، کاتی خۆی ئەو کەسانە دامەزراون کە خەڵکی ئەو ناوچانەن کە ئاوی هەیە و شارەزای جوگرافیای ناوچەکەن، تیمەکان بەردەوام ڕاهێنانیان پێدەکرێت، لە ساڵانی ڕابردوو ئەو تیمانەی دەنێردرانە بەغدا بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی چەندین خوولیان دەبینی و بڕوانامەیان پێ دەدرا، هەر کەسێک بڕوانامەی نەبێت لە بواری مەلەکردن، ئەوا ناتوانێت لەم بنکەیە کار بکات کە تیمی ژێر ئاوی هەیە، واتا کەسانی تایبەتمەندن و کەسانی ڕاهێنراون".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن