راچڵەکین-
پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە نێو باڵەخانەی ئۆفیسێکی کۆنگرێسدا، کۆمەڵێک جوویان دەستگیرکرد و دوورخستەوە، کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە فرۆشتنی چەکی ئەمریکا بە ئیسرائیل.
سەدان خۆپیشاندەر لە نزیکەی کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە ناو بینای کاپیتوڵ لە واشنتۆن دروشمی "با غەززە بژی" و "جینۆساید ڕابگرن"یان بەرزکردەوە.
ئەمەش تەنها ڕۆژێک پێش وتاری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکایە.
خۆپیشاندەران لە ژمارەیەک حاخام و خوێندکار و هاووڵاتیانی ئەمریکی-ئیسرائیلی و نەوەی ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست پێکهاتبوون و، بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، گردبوونەوەکە لەلایەن ڕێکخراوێکی نیشتمانی جوولەکەوە بە ناوی "دەنگی جوولەکەکان بۆ ئاشتی" ڕێکخرابوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێتە ئەمریکا و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا کۆببێتەوە. ئەمریکا لە ڕووی پاڵپشتی چەک و تەقەمەنییەوە پشتیوانی سەرەکی ئیسرائیلە لە جەنگی غەززە.
وتەبێژەکەیان سۆنیا مایرسۆن-نۆکس ڕایگەیاندووە، گروپەکە "شۆک و نیگەران" بووە بەهۆی کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریکا و نەتانیاهۆ.
دەنگی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە هەزاران کەس کۆببنەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە وتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم کۆبوونەوەی هاوبەشی نوێنەرانی دوو ئەنجومەنی کۆنگرێس لە واشنتۆن و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکەن.