بەرپرسێكی باڵای ئەمنیی ئەمریكا دەستلەكاردەكێشێتەوە

جیهان

23/07/2024     ژمارەی بینراو 132

كیمبێرلی چیتل، بەڕێوەبەری دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمریكا

راچڵەكین -

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هەوڵی تیرۆركردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، بەڕێوەبەری دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمریكا دەستی لەكارەكەی كێشایەوەو راشیگەیاند: بەرپرسیارییەتی رووداوەكە دەگرمە ئەستۆ.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، كیمبێرلی چیتل، بەڕێوەبەری دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمریكا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستكەی پێشكەشكرد، ئەمەش دوای بانگهێشتكردنی بۆ لێپرسینەوە لەسەر رووداوی هەوڵی تیرۆكردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە.

چیتل دوای ئامادەبوونی لەبەردەم لیژنەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، كە بۆ لێپرسینەوە لە رووداوی هەوڵی تیرۆركردنی ترەمپ پێكهێنرابوو، رایگەیاند: دان بەوەدا دەنێم كە هێزەكانمان كەمتەرخەم بوون لە پاراستنی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەكاتی تەقەلێكردنی، بەرپرسیارییەتی ئەو كەمتەرخەمییەش دەگرمە ئەستۆ و دەستلەكار دەكێشمەوە.

رۆژی 13ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان بۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا، لەكاتی بەشداریكردنی لە كەمپینێكی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، تەقەی لێكراو بە سووكی بریندار بوو، كۆمارییەكان لەكاردانەوەی ئەو رووداوە رەخنەی توندیان لە دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمریكا گرت، كە ئەركی پاراستنی سەرۆكی پێشووی ئەمریكای لەئەستۆیە، هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكاش بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستییەكانی رووداوەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن