پلانێكی حكومەتی ئیسرائیل لەبارەی كەرتی غەززە ئاشكرا دەبێت

جیهان

23/07/2024     ژمارەی بینراو 240

راچڵەكین -

رێكخراوێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، پلانێكی ئیسرائیل لەبارەی كەرتی غەززە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ئەو وڵاتە زیاتر لە 80%ی ناوچەی غەززەی خستووەتە ژێر فەرمانی چۆڵكردن.

لویس واتەریج، ئەفسەری پەیوەندییەكان لە رێكخراوی ئۆنروا، لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆی (BBC4)ی بەریتانی، رایگەیاندووە، حكومەتی ئیسرائیل پلانی داناوە زیاتر لە 80%ی ناوچەكانی كەرتی غەززە لە دانیشتووانەكەی چۆڵ بكات، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەشی بۆسەر شاری خان یونس، بەشێكە لە جێبەجێكردنی پلانەكەی.

لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی ئۆنراو لەكاتێكدایە سوپای ئیسرائیل لەچوارچێوەی شەڕی دژ بە حەماس، ناوچەیەكی فراوانی كەرتی غەززەی لە دانیشتووانەكەی چۆڵكردووەو ژێرخانەكەشی خاپوور كردووە، بۆئەوەی لەداهاتوودا نەتوانن دووبارە لێی بژین.

بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو، سەدان هەزار دانیشتووی ناوچەكانی باكوورو ناوەڕاستی كەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانكردنی شارەكانیان، ئاوارەی باشووری كەرتەكە بوون، بەپێی ئامارە نافەرمییەكانیش، نزیكەی 80%ی ناوچەكانی غەززە وێرانكراون و بەكەڵكی نیشتەجێبوون نەماون.

مانگی سووری فەلەستین پێشتر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو "كەمپەكانی مەعن و بەنی سوهەیلە بەهۆی هەڵكەوتوویان لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی شاری خان یونس كە سوپای ئیسرائیل لە چۆڵكردنیان ئاگاداری كردۆتەوە، لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن