ئیسرائیل تانکەکانی گەڕاندەوە بۆ خان یونس؛ 70 کوژرا و 200 برینداری فەڵەستینی

جیهان

23/07/2024     ژمارەی بینراو 187

راچڵەکین-

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە دەڵێت ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئیسرائیل لە خان یونس کوژرانی 70 کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەی لێکەوتەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "تا ئێستا 70 کوژراو گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی ناسر و زیاتر لە 200 کەسیش بریندارن، هەندێکیان بە سەختی بریندارن".

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فڕۆکە و تانکەکانی چەکدارانی فەلەستینی لەو ناوچەیەیان کردۆتە ئامانج.

سوپا ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان زیاتر لە "30 ژێرخانی سەربازی-یان لە خان یونس کردووەتە ئامانج. ئەم ژێرخانانە بریتین لە کۆگای چەک، بنکەی چاودێری، تونێل و ئەو دامەزراوەیانەی کە ئەندامانی حەماس بەکاریان دەهێنن."

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، سوپای ئیسرائیل داوای لە فەلەستینییەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی خان یونس کرد، پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، ناوچەکە بەجێبهێڵن. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە وەڵامی هەڵدانی موشەک لەم ناوچەیەوە ئەنجام دراوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوانی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە ئەنجامداوە و ڕایگەیاندووە، ئەو ناوچانەی لە هێزەکانی حەماس "پاککردووەتەوە".

بەگوتەی بەرپرسانی فەلەستینی، نزیکەی 400 هەزار کەس لەو ناوچانە دەژین کە ڕۆژی دووشەممە کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکان وادەی ڕۆیشتنیان پێنەداون. هەندێک خێزان بە عەرەبانە و هەندێکی تریش بە پێ ناوچەکەیان بەجێهێشت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن