نەتەوە یەکگرتووەکان: عێراق دەبێتە ناوەندێکی گەورەی ترانزێتی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

عێراق

22/07/2024     ژمارەی بینراو 262

راچڵەکین-

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا عێراق زیادبوونی بەرچاوی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی بەخۆیەوە بینیوە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تەنها لە ساڵی 2023دا دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە "بڕی 24 ملیۆن حەبی کاپتاگۆن"یان دۆزیوەتەوە، کە یەکسانە بە زیاتر لە 4.1 تۆن، بە بەهای مەزەندەکراوی نێوان 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلار.

نووسینگەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە: "پێدەچێت عێراق لە گۆڕەپانی بازرگانیکردنی ناوچەیی میتامفیتامین و کاپتاگۆن بێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەسەرداگرتنی کاپتاگۆنەکان لە عێراق لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023 سێ ئەوەندە زیادیکردووە، کۆی گشتی ئەو بڕەی لە ساڵی 2023دا دەستی بەسەردا گیراوە، 34 هێندە زیاترە لە دۆزینەوەکانی ساڵی 2019.

کاپتاگۆن دەرمانێکی ئەمفیتامینە کە سەردەمانێک چارەسەرێکی یاسایی  بۆ نەخۆشی خەواڵوویی و نەخۆشی کەمی سەرنج بەکارهاتووە، بەڵام ئێستا بووەتە بازرگانییەکی گەشەسەندوو لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، وڵاتی سوریا سەرەکیترین سەرچاوەی ئەم دەرمانەیە و سعودیەش گەورەترین بازاڕە بۆی.

ئەم ماددە هۆشبەرە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی سنووری 600 کم ئەم وڵاتە لەگەڵ سوریا هاوردە دەکرێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نووسینگەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 82%ی ئەو کاپتاگۆنانەی لە ناوچەکەدا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 دەستیان بەسەردا گیراوە، لە سوریاوە و 17%یشی لە لوبنانەوە دێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، عێراقیش خەریکە دەبێتە خاڵی ترانزێتی میتامفیتامین کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێت، و بۆ کەنداو و ئەورووپا ڕەوانە دەکرێت.

 

لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە كاری لەپێشنیەی حكوومەتەكەی، بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەرە و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر لە ڕووی ئەمنییەوە، ھەماھەنگی ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بکات.

 

محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کردنەوەی کارەکانی دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، گوتی: "تێڕوانینمان بۆ ماددەی ھۆشبەر تەنھا بۆ ئەو زیانانە نییە کە بە گەنجەکانمان دەگەیەندرێت، بەڵکو بە ھۆکارێکی سەرەکی دەزانین بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە".




داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن