کامالا هاریس کێیە و چەند ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا هەیە؟

ڕاپۆرت

22/07/2024     ژمارەی بینراو 426

راچڵەکین-

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020دا، کامالا هاریس وەک یەکەم ژن و یەکەم ڕەشپێست و یەکەم ئاسیایی کە ببێتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مێژووی تۆمارکرد. ئایا دەتوانێت وەک کاندیدی دیموکراتەکان بێتە کێبڕکێی ترەمپ و کۆمارییەکان و مێژووی زیاتر تۆمار بکات؟

ڕۆژی یەکشەممە جۆ بایدن سەرۆکی دیموکراتەکانی ئەمریکا کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی هێنا و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاندیدکردنی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ڕاگەیاند.

کامالا هاریس لە شاری ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە.  دایک و باوکی کۆچبەر بوون. دایکی هیندی بووە و باوکی خەڵکی جامایکا بووە.

دایک و باوکی لە تەمەنی پێنج ساڵیدا جیابوونەوە و زیاتر لەگەڵ دایکی، شیامالا گۆپالان هاریس، توێژەری شێرپەنجە و چالاکوانی مافە مەدەنییەکان گەورە بووە.



لە زانکۆی هاوارد Howard خوێندوویەتی کە لە مێژە یەکێکە لە کۆلێژە دیارەکانی ڕەشپێستەکان.

دوای تەواوکردنی کۆلێژ و خوێندنی یاسا، چووە ناو دەسەڵاتی دادوەری ویلایەتی کالیفۆرنیا و لە ساڵی 2010 بووەتە داواکاری گشتی ویلایەتەکە و لە ساڵی 2014دا دووبارە هەڵبژێردرایەوە.

هاریس لە ساڵی 2016 بووە سیناتۆری کالیفۆرنیا، و بە خێرایی سەرنجی زۆری بەدەستهێنا بەهۆی لێهاتوویی دادوەرییەوە.

لە ساڵی 2020 هاریس هاتە ناو کێبڕکێی سەرەتایی پارتی دیموکراتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەڵام لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا لە کێبڕکێکە دوورخرایەوە.

بەڵام جۆ بایدن لە ساڵی 2020 هاریسی وەک جێگری خۆی هەڵبژارد و ستایشی کرد و بە "جەنگاوەرێکی چاونەترس" ناوی برد.



جۆ بایدن دەربارەی ئەو دەڵێت: "کامالا زیرەک و ماندوونەناس و بە ئەزموون و جەنگاوەرێکی لێهاتووە".

هەرچەندە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لە سێبەری جۆ بایدن بوو، بەڵام پێدەچێت ناسنامەی هاریس وەک ژن و ڕەشپێستێک ڕۆڵێکی گەورەی هەبووبێت لە سەرکەوتنەکەیاندا، چونکە توانیویانە 90%ی دەنگی ڕەشپێستەکان بەدەستبهێنن.

بانگەشەی هاریس بۆ پۆستی جێگری سەرۆکایەتی بە تایبەتی لە دیبەیتەکەی دژی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ترەمپ لەو کاتەدا کاریگەر و سەرنجڕاکێش بوو.  هەڵبژاردنی وەک جێگری سەرۆک کۆمار لە هەندێک ڕووەوە مێژوویی بوو: یەکەم ژن، یەکەم ڕەشپێست و یەکەم کەسی بە ڕەچەڵەک ئاسیایی بوو کە ئەو پۆستەی بەدەستهێنا.

بەڵام ڕێژەی پەسەندکردنی هاریس وەک جێگری سەرۆک بەدرێژایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کەم بووە. بەپێی کۆی گشتی ڕاپرسییەکان 51%ی ئەمریکییەکان لە ئاستی ڕازی نین و تەنها 37% پەسەندی دەکەن.

ئاژانسی بی بی سی دەڵێت، ڕەنگە ئەمە لەبەر ئەوە بێت کە ئەو ئەرکە سەرەکییەی بایدن وەک جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی بۆی دیاریکرد، واتە کەمکردنەوەی کۆچبەری نایاسایی لە سنووری باشووری ئەمریکا، تاڕادەیەکی زۆر لە چارەسەرکردنی ئەو ئەرکەی سەرکەوتوو نەبووە.

هاریس لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا، پرسی پەتای کۆرۆنا و لێکۆڵینەوەی دادوەری لە هێرشەکەی 6ی 2 بۆ سەر کۆنگرێس لە لایەن لایەنگرانی ترەمپ و قەیرانی کۆچبەرانەوە وەک ئاڵنگاری و گرف تووشی بووەوە و بەر ڕەخنە کەوت.



بەپێی میدیا جیهانییەکان ئەوەی کە ئایا هاریس دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات یان نا، ئەوە کاتی ماوە تا یەکلابێتەوە و بزانرێت، بەڵام بە هەر دوو ڕێگاکە، بۆ داهاتوویەکی نزیک وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لە پارتی دیموکراتدا دەمێنێتەوە.

لە ڕاپرسییەکی سی ئێن ئێن کە لە 2ی تەمموزدا بڵاوکرایەوە، دەرکەوت کە 43%ی دەنگدەران دەیانەوێت بایدن سەرۆکی ئەمریکا بێت، لەکاتێکدا 49%ی دەنگدەران ترەمپیان دەیانەوێت. بەپێی ئەم ڕاپرسییە ئەگەر هاریس ببێتە کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا، 45% پشتگیری لێدەکەن و 47% پشتگیری دۆناڵد ترەمپ دەکەن.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن