34 فیلمی "بێ حیجاب" لە سینەمای ئێراندا دروست کراون

کەلتوور

19/07/2024     ژمارەی بینراو 229

راچڵەکین-

بەرهەمهێنەرێکی بواری فیلمسازی لە ئێران ئاشکرای کرد، ٣٤ فیلم لەناوخۆی ئێران دروستکراوە، بەبێ مۆڵەت و بوونی حیجاب لەلایەن ئەکتەرەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدا بەپێی یاسای حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم کارە نایاساییەوە ڕێگەی پێ نادرێت.

زیا هاشمی، بەرهەمهێنەری سینەما لە ئێران، ڕایگەیاندووە، "ئێستا فیلمسازی کۆنتڕۆڵ ناکرێت، دەکرێت فیلمێک دروست بکرێت بەبێ ئەوەی کەس هەستی پێبکات"، و دەڵێت: "34 فیلم بەبێ حیجاب و بەبێ مۆڵەت لەناوخۆی ئێراندا دروستکراون، کە ڕۆیشتوون بۆ فێستیڤاڵەکانی بەرلین و کان."

ئەمساڵ یەکێک لەو فیلمانەی بێ ئاگاداری حکومەت دروستکرا ناوی "کێکە دڵخوازەکەم"بوو، لە نووسینی بەهتاش سەناعیها و مریەم موقەدەم، کە بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین نمایشکرا، پێشەنگێکی دیکەی "سینەمای ژێرزەمینی" ئێرانییە. لەناوخۆی وڵات و بەبێ ئاگاداریی حکومەت بەرهەمهات.


فیلمەکە بەبێ ڕەچاوکردنی "حیجاب" دروستکراوە و لەو ماوەیەدا کارەکتەرەکانی فیلمەکە بە شێوەیەکی ئاسایی لە تارانی ئەمڕۆدا دەژین؛ ژیانێک کە لە شاشەی سینەماکانی وڵاتدا پیشاندانی قەدەغەیە، بەڵام هەموو هاووڵاتییەکی ئاسایی ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات: ژن و پیاو تەوقە دەکەن، باوەش بە یەکتر دەکەن و لە ساتەوەختە خۆشەکاندا پێکەوە شەراب هاوبەش دەکەن.

ماوەی پێشوو کۆمەڵەی سینەماکارانی سەربەخۆی ئێران فیلمێکی درێژی بە ناوی "من، مریەم، منداڵان و ٢٦ کەسی دیکە" لە کان نمایش کرد کە لەگەڵ یاساکانی سانسۆری کۆماری ئیسلامی ئێران پابەند نەبوون، لەوانەش مەرجی حیجابی ناچاری بۆ ئەکتەرە ژنەکان و فیلمەکەش لە ناوخۆی ئێراندا دروستکراوە.



چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە ژنێکی گەنج دەکات کە بڕیار دەدات ماڵەکەی بداتە دەست گروپێکی بەرهەمهێنانی فیلم کە بەنیازن کورتە فیلمێک بەرهەم بهێنن کە باس لە کۆتایی پەیوەندی نێوان ژن و پیاوێک دەکات.

لەم فیلمەدا کە 101 خولەک دەخایەنێت، ئەکتەرە ژنەکان لە زۆر دیمەندا حیجاب ناپۆشن و ساتی بەرکەوتنی جەستەیی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە.

جێی ئاماژەیە، لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، حکومەت سانسۆری خستە سەر بەرهەمە هونەرییەکان و لە نێویشیاندا سینەما.

وەزارەتی ئیرشاد لە ئێران، ئەرکی سانسۆر و چاودێری کردنی بەرهەمەکانی لە ئەستۆدایە و بەپێی یاسا، ژنان لە فیلمەکاندا نابێت بەبێ حیجاب دەربکەون و ڕۆڵبگێڕن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن