مەسک لە دژی یاسایەکی رەگەزگۆڕینی منداڵان کۆمپانیاکانی لە کالیفۆرنیا دەگوازێتەوە

هەمەڕەنگ

17/07/2024     ژمارەی بینراو 288

راچڵەکین-

ئیلۆن مەسک دوابەدوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ پارێزگاری کالیفۆرنیا ڕایگەیاند، کە بارەگای سەرەکی دوو کۆمپانیای خاوەندارێتی خۆی، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی مووشەک، لە کالیفۆرنیا بۆ تەکساس دەگوازێتەوە.

ماسک دژی یاسایەکی نوێی ویلایەتی کالیفۆرنیایە کە لەلایەن پارێزگاری کالیفۆرنیاوە واژۆ کراوە و یاساکەش تایبەتە بە گۆڕینی ڕەگەزی منداڵان.

چەندین قوتابخانەی کالیفۆرنیا سیاسەتێکیان جێبەجێ کردووە، کە پێویستە کارمەندانی قوتابخانەکان دایک و باوک ئاگادار بکەنەوە ئەگەر ناوی منداڵەکەیان یان ڕەگەزی گۆڕا، بەڵام یاسا نوێیەکە ئەوە قەدەغە دەکات.

یاسا نوێیەکەی کالیفۆرنیا بەناوی "پاراستنی منداڵانی ڕەگەزگۆڕاو" داڕێژراوە و بەمجۆرەیە کە: ئەگەر منداڵان ویستیان ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن، نابێت دایکان و باوکانیان ئاگاداربکرێنەوە لەم بابەتە.

لە بەرامبەردا، ویلایەتی تێنسی و کارۆلینای باکوور لە ئەمریکا، سیاسەتێکیان دەرکردووە و تێیدا داوا لە مامۆستایان دەکات، ئەگەر منداڵ ویستی ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت، ئەوا پێویستە دایک و باوکانیان ئاگادار بکەنەوە، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی "مافی دایک و باوک" کە لەلایەن ڕێکخراوە "موحافەزارە" نیشتمانییەکانەوە پشتگیری دەکرێت.

ئیلۆن مەسک پێشتریش پارێزگاری ئاگادارکردەوە کە دەرکردنی یاسایەکی لەو شێوەیە خێزان و کۆمپانیاکان ناچار دەکات کالیفۆرنیا بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بپارێزن.

مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، لە ساڵی ٢٠٢١ شوێنی نیشتەجێبوونی لە کالیفۆرنیا گۆڕی بۆ تەکساس، کە داهاتی تاکەکانی ویلایەتی باجیان لەسەر دانەنراوە.

تەکساس هیچ باجی داهات و باجی قازانجی سەرمایەی نییە، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە جێگایەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەو کەسانەی کە داهاتێکی زۆریان هەیە وەک مەسک و هەندێک لە کارمەندە سەرەکییەکانی کۆمپانیاکەیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن