تۆمەتبارێک لەسەر گیانلەدەستدانی منداڵێکی 15 ساڵ لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی دەستگیرکرا

کوردستان

16/07/2024     ژمارەی بینراو 312

راچڵەکین-

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیركرا و ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا. دەشڵێت، تۆمەتبار كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕوداوەكەو دەركەوت كە مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان گیانی لەدەستداوە.

دەڵێت، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو سەرنجام دەركەوت كە تۆمەتبار كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتنی و فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، تۆمەتبار دەستگیركرا و ڕادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا تۆمەتبار (ف ، ف ، م  ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراق ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن