ئیسرائیل لە داوی توونێلی غەززە؛ پاش نۆ مانگ کەمترین زیانی بەرکەوتووە

ڕاپۆرت

15/07/2024     ژمارەی بینراو 451

راچڵەکین-

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی سەربازیی تەلئەبیبەوە نووسیویەتی، دوای ٩ مانگ لە شەڕ لە غەززە، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی تەنها بەشێکی کەم لە تونێلەکانی حەماس لە غەززە لەناو ببات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، کۆمەڵە تونێلەکانی غەززە وەک ئاڵۆزترین گرێ ماوەتەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و لەناوبردنی حەماس، تێکشکاندنی ئەو توونێلانەی وەکو ئامانجی جەنگەکەی دیاریکردووە.

کەتیبەکانی ئەلقەسام، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی باڵادەستی تەکنیکی و ژمارەیی ئیسرائیل بەرامبەر بە خۆیان، لەبەردەم هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە بنکە و پێگەکانیان پاشەکشەیان کردووە، و لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، خۆیان لە تونێلەکاندا دەشارنەوە و دواتر بەهێرشی لەناکاو هێزەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج.



ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە وەرگیراوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەندامانی حەماس تەنیا ناوبەناو لە تونێلەکانەوە دێنە دەرەوە بۆ هێرشی لەناکاو بە نارنجۆک بۆ سەر سەربازانی ئیسرائیل، دواتر بە خێرایی دەگەڕێنەوە ژێرزەمینەکانیان.

ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلە کە دەڵێن دوای نۆ مانگ شەڕکردن، تەنها بەشێکی کەمیان لە تۆڕی تونێلی حەماس لە غەززە لەناوبردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە، شێوازی حەماس لە شەڕدا ئەوە نییە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، ئەم گرووپە کۆمەڵێک چەکدار بەکاردەهێنن کە زۆرجار چەکەکانیان لە تۆڕێکی درێژی تونێلدا هەڵدەگرن و دەیشارنەوە. ئەم گروپە چەکدارانە بە شێوەیەکی غافڵگیرانە هێرش دەکەنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و دواتر خۆیان لە تونێلەکاندا دەشارنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی سوپای ئیسرائیل، ئەم تونێلانە تا ئێستاش بە هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر تەلئەبیب دادەنرێت. خەمڵاندنەکانی سوپای ئیسرائیل دەریدەخەن کە تۆڕی تونێلی حەماس هێشتا لە زۆر بواردا لە ئامادەباشییەکی بەرزدایە.

ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم تۆڕە تونێلانە لە؛ کەمپەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لە شاری ڕەفەح، لە باشوور و لە گەڕەکی ئەلشوجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی ئەم کەرتە فەلەستینییە هەڵکەوتوون.



ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەروەها نووسیویەتی، شیکارییەک بۆ ئەو ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکراونەتەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ سێ ئەندامی ئەو گرووپە و دەیان سەربازی ئیسرائیلی دەریدەخەن، کە حەماس سەدان کیلۆمەتر تونێل بەکاردەهێنێت، کە قەبارەکەی بووەتە هۆی سەرسوڕمانی بەرپرسانی ئیسرائیل.

تونێلەکانی حەماس هەمیشە گرێیەکی ئاڵۆز بووە لە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. لە کاتێکدا تەلئەبیب بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی داوە بۆ لەناوبردنیان، بەڵام تا ئێستا سەرەڕای هەموو هێرشەکان نەیتوانیوە لە ناویان ببات.

هێزەکانی حەماس لە تۆڕی تونێلی ئاڵۆزدا کاردەکەن، کە هەندێکیان 40 پێ لە ژێر زەویدان. زۆرجار حەماس ئەم تونێلانەی وەک بۆسەی نهێنی و بە تەڵەی پڕ لە مادەی تەقێنەرەوە ئامادە کردووە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە ئیسرائیل هەرچەند غەززە بۆردوومان بکات و هەموو جۆرە تەقەمەنی و هاوەنێک بۆ سەر غەززە بۆ پاککردنەوەی بەشێک لە تونێلەکان بەکاربهێنێت، هێشتا سوپای ئەو وڵاتە ناچارە هەزاران سەرباز بۆ هێرشکردنە سەر "میترۆکەی غەززە" بڵاوبکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی تاک بەتاکی ئەندامانی حەماس لەناو توونێلەکاندا ببنەوە و، ئەمەش بە وتەی بەرپرسانی تەلئەبیب کارێکی ئاسان نییە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن