کامانەن ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە تیرۆر کران؟

ڕاپۆرت

14/07/2024     ژمارەی بینراو 336

راچڵەکین-

هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، بیرهێنانەوەی ئەو هەوڵ و پیلانانەیە کە لە 200 ساڵی ڕابردوودا بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکەکانی ئەمریکا کراون.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، لە 30ی 1ی ساڵی 1835، ئەندرۆ جاکسۆن، یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای دەرچوونی لە مەراسیمێکی پرسە، لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوو گوللەی لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی ڕیچارد لۆڕێنسەوە ئاراستە دەکرێت، بەڵام بریندار نابێت و نایپێکێت.



بەڵام چوار سەرۆکی ئەمریکا لە هەوڵی تیرۆرکردندا کوژراون، یەکەمیان ئەبراهام لینکۆڵن بوو کە لە ساڵی ١٨٦٥ لەلایەن جۆن ویلکس بووتەوە تەقەی لێکرا.

ئەبراهام لینکۆڵن

تیرۆرکردنی ئەبراهام لینکۆڵن، ١٦هەمین سەرۆکی ئەمریکا، نزیکەی کاتژمێر ١٠:١٥ شەو، ١٤ی نیسانی ١٨٦٥، لە شانۆی فۆرد لە واشنتۆن دی سی ڕوویدا. بکوژەکە جۆن ویلکس بووت بوو، ئەکتەرێکی بەناوبانگ و هاوسۆزی کۆنفیدڕاڵی خەڵکی ویلایەتی میریلاند بوو. هەرچەندە پەیوەندی بە سوپای کۆنفیدڕاڵەوە نەکردووە، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ دەزگای نهێنی کۆنفیدڕاڵی هەبووە.

ناوبراو دوای ئەوەی لە ١١ی نیسانی ئەو ساڵەدا سەرۆککۆمار بەشداری لە وتارێکدا کرد کە تێیدا بانگەشەی بۆ مافی دەنگدانی ڕەشپێستەکان کرد، بڕیاریدا لینکۆڵن تیرۆر بکات.

جەیمس گارفیڵد



جەیمس ئەی. گارفیڵد، لە ساڵی ١٨٨١دا  لەلایەن چارڵز جەی گۆتیۆ تەقەی لێکرا و مرد.

ئەو کە بیستەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو، کاتژمێر ٩:٢٠ خولەکی بەیانی ڕۆژی شەممە ٢ی تەمموز لە وێستگەی شەمەندەفەری واشنتۆن دی سی تیرۆرکرا، ئەمەش کەمتر لە چوار مانگ دوای دەستبەکاربوونی ڕوویدا.

لە کاتێکدا ئەو سەرۆکە دەگەیشتە وێستگەی شەمەندەفەرەکە، چارڵز ج. گوتیۆ، نووسەر و پارێزەر، بەچەکێک دوو فیشەکی بەرەو ڕووی تەقاند. فیشەکێک بەر شانی چاڕڵز کەوت و فیشەکەکەی تریش بەر پشتی کەوت، دوای ٧٩ ڕۆژ هەوڵی پزیشکان دواجار بێ ئەنجام بوو و گیانی لەدەست دا.

ویلیام مەکینلی



لە ساڵی ١٩٠١ ویلیام مەکینلی ٢٥هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی لیۆن چۆڵگۆس تەقەی لێکرا و کوژرا.

تیرۆرکردنی لە کاتژمێر 4 و 7 خولەکی پاشنیوەڕۆی هەینی ٦ی ئەیلوولی ١٩٠١ لە هۆڵی مۆسیقا لە شاری بوفالۆ لە ویلایەتی نیویۆرک بوو. مەکینلی کە لەوێ بەشداری لە پێشانگایەکدا کردبوو، لەلایەن ئانارشیستێکەوە بە ناوی لیۆن چۆڵگۆش کرایە ئامانج.

چۆڵگوش چەکی "کالیبەری ٣٢"ەکەی خۆی لە ژێر دەستکێشێکدا شاردبووەوە و لە نزیکەوە تەقەی لە سکی سەرۆکەکە کردبوو. یەکەم فیشەک لە قۆڵی ماکینلیدا جێگیر بوو. بەڵام فیشەکی دووەم بەر سکی کەوت. هەرچەندە سەرەتا وا دیار بوو مەکینلی لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام بارودۆخی بە خێرایی تێکچوو و بەیانی ١٤ی ئەیلوولی ١٩٠١ گیانی لەدەستدا.

جۆن ئێف کەنەدی



هەروەها جۆن ئێف کەنەدی لە ساڵی ١٩٦٣ لەبەردەم ئاپۆرای جەماوەریدا لەلایەن لی هارڤی ئۆسڤاڵدەوە کوژرا.

تیرۆرکردنی ٣٥هەمین سەرۆکی ئەمریکا لە کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٢ی تشرینی دووەمدا ڕوویدا، لە کاتێک بوو کە ئۆتۆمبێلی سەرۆکایەتی بە شاری داڵاس لە ویلایەتی تەکساسدا تێدەپەڕی.

جۆن کەنەدی لەگەڵ جاکلین هاوسەرەکەی و پارێزگاری ویلایەتی تەکساس و جۆن کۆنالی هاوسەری پارێزگاری ویلایەتی تەکساس، سواری ئۆتۆمبێلێک بوون کە سەرەوەی کراوە بوو، کاتێک "لی هارڤی ئۆسڤاڵد" کە پێشتر لە هێزی دەریایی ئەمریکا بووە و هەڵهاتووە، لە نهۆمی شەشەمی کۆگای کتێبی قوتابخانەی تەکساس تەقەی لێکرد.

هێرشبەرەکە سەرەتا تەقەی لە پشتی کرد، کە فیشەکەکە لە قوڕگی دەرچوو، جارێکیش تەقەی لە سەری کرد. دوای نیو کاتژمێر ڕاگەیەندرا کە سەرۆککۆمار کۆچی دوایی کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم، ئۆسڤاڵد لەلایەن جاک ڕوبی، خاوەنی یانەی شەوانەی "داڵاس"، لە ژێرزەمینی فەرمانگەی پۆلیسی داڵاس لەکاتی گواستنەوەی بۆ زیندانێکی دیکە تەقەی لێکرا. ڕوبی بە تاوانی کوشتنی ئۆسڤاڵد سزا درا، هەرچەندە دواتر لە کاتی تانەدان سزاکەی هەڵوەشایەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٧ لە زیندان لە کاتێکدا لە چاوەڕوانی دادگاییکردنێکی نوێ بوو، گیانی لەدەستدا.

سێ سەرۆککۆمار کە ڕزگاریان بوو



لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەندرۆ جاکسۆن، یەکەم سەرۆکی ئەمریکا، دوو فیشەکی لەلایەن ڕیچارد لۆڕێنسەوە کەوت، بەڵام ڕزگاری بوو.

لە سەدەی بیستەمدا سێ سەرۆکی دیکەی ئەمەریکا دوای هەوڵی تیرۆرکردن، برینداربوون.

لە ساڵی ١٩٨١ ڕۆناڵد ڕیگان لەلایەن جۆن هینکلی جونیۆرەوە تەقەی لێکرا و بریندار بوو.



جۆن شرانک لە ساڵی ١٩١٢ هەوڵیدا تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت تیرۆر بکات، بەڵام ئەو سەرۆکەی ئەمریکا تەنها بریندار بوو.

دوایین هەوڵدان بۆ سەر ژیانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا، وەک هێرشبەرەکەی تۆماس ماتیۆ کرۆکس دەستنیشانکرا. ترەمپ لەم ڕووداوەدا بریندار بوو.

لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا هێرشبەرەکان بۆ مەبەستی تیرۆرکردنەکان، چەکی گەرمیان بەکارهێناوە.

لەم ڕاپۆرتەدا تەنیا هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکە هەڵبژێردراوەکان خراوەتە ڕوو، نەک ئەوانەی کە هێشتا بە سەرۆک هەڵنەبژێردرابوون.

زۆرێک لە هەوڵە سەرکەوتوونەبووەکانی تیرۆرکردنی سەرۆکەکانی ئێستا یان سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا هۆکاری سیاسییان نەبووە و باس لەوە کراوە کە بەشێک لە هێرشبەرەکان بەهۆی ناهاوسەنگی دەروونییەوە هێرشی لەو شێوەیەیان ئەنجامداوە.


سەرچاوە: بی بی سی

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن