حیزبووڵڵای لوبنان چۆن خۆی بۆ جەنگی ئیسرائیل ئامادە کردووە؟

ڕاپۆرت

11/07/2024     ژمارەی بینراو 336

راچڵەکین-

ماوەی ڕابردوو ئیسرائیل بەفەرمی پلانی هێرشی زەمینی و تەواوەتی بۆ سەر لوبنان پەسەند کرد، حیزبوڵڵای لوبنانیش کە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و دەڵێت، تا جەنگی غەززە ڕانەگیرێت، ئێمەش هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ڕاناگرین، پێدەچێت، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل نزیک بووبێتەوە، بەڵام حیزبوڵڵا چۆن خۆی بۆ جەنگەکە ئامادە کردووە؟

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، مەزەندە دەکرێت کە حیزبوڵڵا ١٣٠ بۆ ١٥٠ هەزار مووشەکی کۆکردبێتەوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئیسرائیل بەکاریان بهێنن.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، ئەم گرووپە چەکدارە لوبنانییە بە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران، موشەک، تۆپخانەی دژە تانک، مووشەکی بالیستی و دژە کەشتی، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێنوێنیکراو و جۆری ڕێنوێنی نەکراوی  ئامادەکردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆرینەی مووشەک و چەکەکانی ڕێنوێنی نەکراون، بەڵام ئەگەر بەڕێژەیەکی زۆر هەڵبدرێن، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی بەرگری ئیسرائیل.

ئەم گرووپە ئێستا بووەتە یەکێک لە بەهێزترین گروپە ناحکومییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە کە دوایین جار بوو هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەری، خۆی بەهێزتر کردووە.

لە ئێستاشدا و لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە، هەڵدانی مووشەک و گرژیی ناوبەناو لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوودا ناکۆکییەکان پێبنێتە قۆناغێک کە جەنگی زەمینی و تەواوەتی لە نێوانیان هەڵگیرسێت.

بەپێی ڕاپۆرتی واشنتۆن پۆست، حیزبوڵڵا باری گەورەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێرانەوە وەرگرتووە کە پشتیوانی سەرەکییانە و لەم دواییانەدا دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی چەکی تایبەتی خۆی.

هەروەها ئەم گروپە توانای بەرگری ئاسمانیشی هەیە، لە کاتێکدا کە زۆربەی گروپە چەکدارەکان ئەم توانایەیان نییە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری شرۆڤەکارانەوە مەزەندەی کردووە کە خەزێنەی مووشەک و ڕۆکێتەکانی حیزبوڵڵا چوار هێندە لە خەزێنەی حەماس زیاترە، پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێستا.

گروپە لوبنانییەکە دەڵێت زیاتر لە 100 هەزار سەربازیان هەیە، کە زیاتر لە دوو هێندە خەمڵاندنەکانی هێزی حەماس دەبێت پێش شەڕی ئێستای غەززە.

لە سەرەتای مانگی تەمموزدا ڕۆژنامەی تێلێگراف بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی ئاشکرای کردبوو کە گروپی حیزبوڵڵا بڕێکی زۆر چەک و مووشەک و تەقەمەنی دروستکراوی ئێران لە فڕۆکەخانەی سەرەکی مەدەنی بەیروت هەڵدەگرن.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە زاری شارەزایانی بواری چەکەوە ڕایگەیاندووە، حیزبوڵڵا تا ئێستا "بەشێک" لە چەکەکانی خۆی ئاشکرا نەکردووە و هەموو هێزی خۆی دەرنەخستووە.

پێشتر حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا ڕایگەیاندبوو کە ئەم گرووپە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تەنیا "بەشێک" لە چەکەکانی لە هێرشەکانی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل بەکارهێناوە.

سوپای ئیسرائیل بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی جەنگی و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین چەکی دیکە هێرش دەکاتە سەر باشووری لوبنان و پێگەکانی حزبوڵای لوبنان دەکاتە ئامانج.

گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە هەردوو دیوی سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل.

حیزبوڵڵا لەم شەڕانەدا مووشەکی جۆراوجۆر و مووشەکی کورت مەودای بەکارهێناوە.

ساڵی ڕابردوو حیزبووڵڵا ڕایگەیاند، کە بۆ یەکەمجار لە کاتی شەڕی ئێستای غەززەدا، مووشەکێکی "فەلەق-١"ی ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل کردووە. هەڵدانی ئەم مووشەکە بەو پێیەی ئێران دروستی کردووە، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیاکاندا هەبوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لەگەڵ تەشەنەسەندنی گرژییەکان نییە، بەڵام بێگومان لە کاتی گونجاودا پشتگیری لە حیزبوڵڵای لوبنان دەکات و ئەم پشتگیرییە بنەما و باوەڕی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

پێشتریش میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، ئەمریکا هۆشداری بە ئیسرائیل داوە، لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی تەواوەتی لەگەڵ لوبنان، ئێران دێتە جەنگەکەوە و لوبنانیش پڕ دەبێت لە هێزەکانی بەرەی "مقاوەمە"، کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی سەرەکییانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن