راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، چوار تۆمەتبار دەستگیرکرا و بڕی 17 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕێکەوتی 26ـی5ـی2024 تاکو 3ی 7ی 2023 تیمەکانی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لە دوو چالاکیدا، توانییان چوار تۆمەتبار کە کاری گواستنەوەو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن دەستگیربکەن، لەم دوو چالاکیەدا بڕی 17 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا.
دەشڵێت، لە ئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەکە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان راگیراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان .
لە ماوەی ڕابردوودا بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە. پێشتر عەقید سەلام عەبدولخاڵق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندبوو:"لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 572 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون، بەڵام کۆی دەستگیرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا دەگاتە سەرووی هەزار کەس."