هۆشداری دەدرێت لە بەکارهێنانی دەرزییەکی تایبەت بە دابەزاندنی کێش

تەندروستی

05/07/2024     ژمارەی بینراو 257

راچڵەکین-

دەرمانی دەرزی Ozempic کە بە شۆڕشێک ناوزەد کراوە لە بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی، ئەگەری هەیە کاریگەری لاوەکی مەترسیدار لەسەر بەکارهێنەری دروست بکات و ببێتە هۆی کوێربوونی چاو.

بەشێک لە شارەزایان هۆشدارییان داوە سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانی ئۆزێمپیک، کە ساڵی ڕابردوو لە بەریتانیا بەمەرجی ڕەچەتەی پزیشک، بۆ ئەو کەسانەی کێشیان زیادە و قەڵەون، پەسەند کرا.



بەگوێرەی "جی بی ئێن نیوز"، لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە دەبێتە هۆی "جەڵتەی چاو" لە هەندێک کەسدا و دەکرێت بیناییان بخاتە مەترسییەوە.

لوسی جۆنستۆن، سەرنووسەری خزمەتگوزاری تەندروستی ڕۆژنامەی "سەندەی ئێکسپرێس" دەڵێت، ئەم توێژینەوە نوێیە کە لە نەخۆشخانەی چاو ئەنجامدراوە، دەریدەخات ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمیان هەیە یان کێشی زیادەیان هەیە و ئەم دەرمانەیان بەکارهێناوە، ئەگەری هەیە تووشبووبن بە نەخۆشی گیران و تێکچوونی خوێنبەرەکان کە پەیوەندی بە چاوەکانەوە هەیە. و ڕەنگە هەندێک کەس بینایی خۆیان لەدەست بدەن.

دەشڵێت، هەرچەندە ئەم دەرمانە کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی 10%ی کێشی لەش لە کورتخایەندا، بەڵام بەبێ ڕێجیم و پەیڕەوکردنی ژیانێکی تەندروست، کاریگەری ئەوتۆی نییە و کێشی بەکارهێنەرانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشوو. چونکە دابەزاندنی کێش بە تەواوی پەیوەندی بە گۆڕانی "شێوازی ژیان"ەوە هەیە.

بەگوێرەی "بی بی سی"، ئەم توێژینەوەیە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی هارڤاردەوە بۆ ماوەی ٦ ساڵ ئەنجامدراوە و پشکنینی بۆ ١٧ هەزار نەخۆش کردووە. هەروەها پزیشکانی چاو لە کۆلێژی شاهانەی چاوی بەریتانی ئامۆژگاری بەکارهێنەرانیان کردووە کە ئاگاداری کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانە بن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن