بۆچی ڕاستڕەوەکانی فەڕەنسا سەرکەوتن و ماکرۆن شکستیهینا؟

ڕاپۆرت

03/07/2024     ژمارەی بینراو 354

راچڵەکین-

پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی فەرەنسی "بەرەی نیشتمانی" لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەدا، 33%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

لە پلەی دووەمدا هاوپەیمانی چەپ "بەرەی نوێی خەڵک" بە ڕێژەی 28%. هاوکات هاوپەیمانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە 21%ی دەنگەکان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

ئێستا ماکرۆن داوای لە پارتە میانڕەو و چەپەکان کردووە یەکبگرن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستبەسەرداگرتنی پارلەمان لەلایەن ڕاستڕەوی توندڕەوەوە بکەن.

هۆکارە سەرەکییەکان چین کە دەنگدەرانی فەرەنسا ڕوویان لەو پارتە کرد کە مارین لۆپێن و جیرارد باردێلا سەرۆکایەتی دەکات و چۆن بۆ یەکەمجار لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا؟



بەپێی ئاژانسی بی بی سی، لە لوتکەی هۆکارە گرنگەکان بۆ دەنگدەران، قەیرانی تێچووی ژیان و گرانییە کە کاریگەری لەسەر توانای کڕینیان هەبووە. بەرزبوونەوەی نرخی وزە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ترس لە زیادبوونی تاوان، بابەتی گرنگی دیکەن بۆ فەرەنسییەکان لەم هەڵبژاردنەدا.

تێچووی خانووبەرە لە هەندێک ناوچە زۆر بەرزە و لە توانای خەڵکدا نییە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەوە قوتابخانەکان داخراون. هەروەها زۆر کەس ناڕازین لەوەی بنکە تەندروستییە ناوخۆییەکان داخراون و پارە بۆ ناوەندە گەورەکان لە ناوچە شارییەکان تەرخانکراوە.

هەروەها دەنگدەران زۆرجار دەڵێن سیستەمی سیاسی بۆ ئەوان گونجاو نییە و تا ئێستا "بەرەی نیشتیمانی" لە حکومەتدا نەخراوەتە بەر تاقیکردنەوە و دەیانەوێت ئەزموونی ئەو حزبە بکەن لە دەسەڵاتدا.

زۆر کەس ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە هۆکاری ئەو قەیرانە دەزانن کە ئێستا وڵاتەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، مارین لۆپێن، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی لە پەرلەمان، هەوڵی داوە پارتەکەی زیاتر خۆی لە نیگەرانییەکانی خەڵکی نزیک بکاتەوە و لە ئاستی تێگەیشتنی خەڵکی وڵاتەکەی بێت.

ئەم پارتە، بە پارتێکی پۆپۆلیستی و دژەئەوروپی و بە دژ بە کۆچبەران دەناسرێتەوە.

سەرۆکی ئێستای ئەو پارتە، جیرارد باردێلا، ڕایگەیاندووە، دەیەوێت ئەو هاوڵاتییانەی دووڕەگەن  لە پۆستە هەستیارەکانی ستراتیژی قەدەغە بکات و بە "نیمچە نەتەوەیی" ناویان دەبات.

هەروەها دەیەوێت هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ کۆچبەران سنووردار بکات و ڕەگەزنامەی فەرەنسی بۆ ئەو منداڵانەیی دایک و باوکیان بیانییە هەڵبوەشێنێتەوە.

بەڵام "قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە شوێنە گشتییەکاندا"  لە ئێستادا لە پێشینەی کارەکانی ئەوان نییە.

ئەو حزبە ترسی ئەوە دەخاتە ڕوو کە کۆچبەران و بەتایبەت موسڵمانان هەرگیز تێکەڵ بە کۆمەڵگەی فەرەنسا نەبن.

بۆ نموونە یەکێک لە کاندیدەکان ئیڤانکا دیمیترۆڤا بە بی بی سی ڕاگەیاندووە کە پارتی بەرەی نیشتمانی ڕێوشوێن بەرامبەر ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەبەر کە دەیانەوێت یاسا ئاینییەکانیان بخەنە سەرووی یاساکانی فەرەنسا.

ئەگەرچی پارتی "بەرەی نیشتمانی" هەرگیز بەڕوونی نەیگوتووە چ سیاسەتێک بەرامبەر بەموسڵمانان پەیڕەو دەکات.

پارتی "بەرەی نیشتیمانی" هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بە کەڵک وەرگرتن لە دروشم و بیرۆکەی سادە بەڕێوەبردووە و پرسی؛ ترسی خەڵک لە لەدەستدانی ناسنامەی فەرەنسی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی کردووەتە پرسی سەرەکی بانگەشەکەی خۆی.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆر کاریگەرانە بەکارهێناوە بۆ بەرزکردنەوەی ڕووخساری خۆیان و دروستکردنی هەستی متمانە و ئاشنابوون لای دەنگدەران.

ڤینسێنت لێبرۆ، لە زانکۆی فرانس-کونتێ بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، لە فەرەنسا ئێمە "جیرارد باردێلا" (سەرۆکی بەرەی نیشتمانی) بە سیاسەتمەدارێکی تیک تۆکی ناودەبەین، چونکە ئەو سیاسەتمەدارێکە بە سۆشیال میدیا کار دەکات و زۆر ئاسوودەیە لەگەڵیدا. دەشڵێت:ئەوە شتێکە کە یارمەتییەکی بەرچاوی داوە.

چارڵز کولیۆلی، کاندیدی چەپی توندڕەو لە پارتی (بەرەی نوێی خەڵک) کە ڕکابەری (بەرەی نیشتمانی)یە، دەڵێت: "زۆرێک لە خەڵکی  ڕەگەزپەرست نین. بەڵام ئەوان تەنها لەم سیستەمە بێزارن، بێزارن لە سیاسەتەکانی ماکرۆن، بێزارن لە هەموو ئەو شتانەی کە بەڵێنیان پێدراوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن