پزشکیان؛ ئەو تورکەی لە کوردستان لەدایکبوو، براوەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ئێرانە

ڕاپۆرت

29/06/2024     ژمارەی بینراو 1136

راچڵەکین-

ئەگەرچی لە باوکێکی تورک ( کە خەڵکی قەسری شیرینیش بووە) و لە دایکێکی کورد لە مەهاباد لە دایکبووە، بەڵام ئەو خۆی بەتورک دەزانێت، تەنانەت لە ماڵەوە ڕێگە نادات منداڵەکانی لە تورکی زیاتر بەزمانی دیکەی وەکو فارسیش قسە بکەن. ئێستا ئەو بە بەدەستهێنانی نزیک بە دە ملیۆن دەنگ، براوەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێرانە. ئەگەرچی دەبێت لەگەڵ جەلیلی ڕکابەریدا خولی دووەمیش بەشدار بێت و ڕێژەی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، تا بتوانێت لەسەر کورسی سەرۆککۆماری ئێران دانیشێت.

لە 1954 شاری مەهاباد لەدایک بووە و زمانی ماڵ و بنەماڵەکەی تورکی ئازەرییە، مەسعود پزشکیان بە زمانی کوردیش شارەزایە، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و بەزمانی کوردیش وتاری دەدا. لە خولی دەیەمی پەرلەماندا سەرۆکی فراکسیۆنی ناوچە تورکییەکان بووە.

سێ منداڵی هەیە، کە دوای مردنی هاوسەرەکەی، بەرپرسی گەشەکردن و پەروەردەکردنیان بووە.

خوێندنی سەرەتایی لە مەهاباد تەواوکردووە، دواتر دەچێتە ورمێ، لەوێ لە بواری زانستی خۆراکدا بڕوانامەی دیپلۆم وەردەگرێت. دواتریش کە دەچێتە جەنگ و لە بواری پزیشکی هاوکاری سەربازەکان دەکات، لە دوای جەنگ حەز بە بواری پزیشکی دەکات و لە تەبرێز پزیشکی دەخوێنێت و بڕوانامەی دکتۆرای هەیە. ماوەیەکیش سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی تەورێز بووە.

پزشکیان خوازیاری جێبەجێ کردنی مادەی 15ی دەستووری ئێرانە. ئەم مادەی دەستوورە دەڵێت: "زمان و ڕێنووسی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە". بەڵگەنامە، نامەنووسی، دەقی فەرمی و کتێبی دەرسی دەبێ بەم زمان و ڕێنووسە بێت، بەڵام بەکارهێنانی زمانی خۆماڵی و نەتەوەیی لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی گشتیدا و فێرکردنی ئەدەبیاتیان لە قوتابخانەکاندا بەخۆڕاییە، هاوشانی زمانی فارسی. لە 7ی ئازاری 2015 لە دانیشتنی پەرلەماندا وتی "من سوپاسگوزارم کە خودا منی بە تورک خولقاندووە، و کەس مافی ئەوەی نییە قسە و گاڵتە بە کولتوری تورک بکات."

مەسعود پزشکیان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو  لە بەربەستی "ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوور"دا، چووە ناو پێشبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێرانەوە، کە لە زۆر ڕووەوە جێی تێڕامان بوو.

زیاتر لە دە ملیۆن دەنگی هێناوە و یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو، بەڵام دەبێت چاوەڕێی خولی دووەم بکرێت تاوەکو یەکلابکرێتەوە ئەو دەبێتە سەرۆک یان سەعید جەلیلی.

پەسەندکردنی کاندیدبوونی پزشکیان، هەندێک بە یاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زیادکردنی ڕێژەی دەنگدان لە قەڵەمی دەدات، بەتایبەت کە خامنەیی چەندین جار وتبووی ئامانجی سەرەکی من ڕێژەی بەرزی بەشداریکردنی خەڵکە، و هەندێکیشیان بە تیشکی هیوایەک بۆ گۆڕانخوازنی حکومەتی ئێران بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات دەیانبینی.

پزشکیان تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا. یەکێکە لەو سیاسەتمەدارە ئێرانیانەی کە هەمیشە چاکەت و پانتۆڵ لەبەر ناکەن و بە سادەیی ناسراون.

لە شەڕی ئێران و عێراق و دوای ئەوەش لە گۆڕەپانی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە ئامادەیی هەبووە، تەنانەت ئەگەر ئەوەندە ناسراویش نەبووبێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە مەسعود پزشکیان بچێتە ناو کێبڕکێی سەرۆکایەتییەوە. لە ساڵی 2013 لە بەرژەوەندی رەفسەنجانی لە پێشبڕکێکە کشایەوە و لە هەڵبژاردنی پێشووش، ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور ڕێگەی پێنەدا بچێتە پێشبڕکێکە.

بەڵام بۆ ماوەی چوار خول نوێنەری تەورێز و ئازەرشار و ئیسکو بووە لە پەرلەمان.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێشینەی کارکردنی پزشکیان ، وەزیری وەزارەتی تەندروستی لە دووەم کابینەی محەممەد خاتەمی، ئەزموونێکی بەرچاوی ناوبراوە.

زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا، و هەڵوێستی نەرم لەبارەی حیجابی ناچاری و پاراستنی حیجاب لە ڕێگەی "کاری کەلتوری" وەک ئامانجەکانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ڕاگەیاند.

زۆر جار جەختی لەوە کردەوەتەوە کە ئەگەر هەڵبژێردرێت، نیازی هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نییە، چونکە لە کۆماری ئیسلامیدا بەرنامە و پلان هەیە، کە دەبێت پێوەی پابەند بێت.

ئەو بەڕاشکاوی وتی، پلانێکی جیاوازم نیە و پەیڕەوی لە سیاسەتی وڵات و خامنەیی دەکەم، لە بەرگریکارانی ویلایەتی فەقیهـ و خامنەیی و سوپای پاسدارانە، پێی وایە دروست نییە گومان لە پرەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ بکرێت و دروست نییە بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن