ئەو لیمۆزینەی پوتین پێشکەشی کیم-ی کردووە، بە پارچەی هاوردەکراوی کۆریای باشوور دروستکراوە

هەمەڕەنگ

29/06/2024     ژمارەی بینراو 414

راچڵەکین-

تۆمارە گومرگییەکان دەریدەخەن کۆمپانیای دروستکەری ئەو لیمۆزینەی کە ڤلادیمێر پوتین لەگەڵ خۆی بردی بۆ کۆریای باکوور، ملیۆنان دۆلاری خەرجکردووە بۆ کڕین و هاوردەکردنی پارچە لە کۆریای باشوورەوە، کۆریای باکووریش، کۆریاکەی باشوور بە "دوژمنی سەرەکی" ناوی دەبات، کیم جۆن ئون زۆر ڕقی لەکۆریای باشوورە.

کۆریای باکوور، کۆریای باشوور بە دوژمنی فەرمی خۆی دەزانێت و هەر جۆرە پەیوەندی و هاوکارییەکی لەگەڵ ئەم وڵاتە و هاووڵاتیانی قەدەغە کردووە.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە دوو دیدارەکەیدا لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور دوو ئۆتۆمبێلی ئوروسی پێشکەش بە هاوتاکەی کرد.

لە کاتی گەشتەکەی پوتین بۆ کۆریای باکوور، بە نۆرە لیمۆزینێکی زرێپۆشی "ئوروس"یان لێخوڕی، بۆ ئەوەی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵاتی "خاوەن چەکی ئەتۆمی" تا دێت زیاتر پیشان بدەن.

ئێستا، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لیمۆزینە نوێیەکەی کیم بە بەرهەمەکانی "دوژمنە سەرەکییەکەی" دروستکراوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای ئوروس-ی ڕووسی کە لیمۆزینی زرێپۆشی بەرهەم دەهێنێت، بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکانی کەرەستە و پارچەی هاوردەکراوی بەکارهێناوە.

بەهای پارچە هاوردەکراوەکانی کۆمپانیای یوروس لە پێنج ساڵی پێشوو، بەلایەنی کەمەوە بە 34 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

لە نێو کاڵا هاوردەکراوەکاندا، بە بەهای 15.5 ملیۆن دۆلار پارچەکان لە کۆریای باشوورەوە هاوردەکراون بۆ ڕووسیا.

"ئوروس سنات" ئۆتۆمبێلی فەرمی سەرۆکی ڕوسیایە و پوتین دووجار لە مەراسیمی دەستبەکاربوونیدا بەکاریهێناوە.

ساڵی ڕابردوو 107 ئۆتۆمبێلی ئوروس لە ڕووسیا فرۆشراون، کە بە چوار مۆدێل بەرهەم هێنراون و نرخەکانیان لە 530 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات. سەرۆکی وڵاتی تورکمانستان-یش یەکێکە لە کڕیارەکانی ئورۆس.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن