گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کاریگەری لەسەر باری دەروونی مرۆڤ دەبێت؟

هەمەڕەنگ

28/06/2024     ژمارەی بینراو 204

راچڵەکین-

گۆڕانی کەشوهەوا و وەرز، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر باری دەروونی و هەڵسوکەوتی مرۆڤ. "تێکچوونی سۆزداری وەرزی" جۆرێکە لە خەمۆکی کە لە هەندێک کاتدا لە ساڵدا ڕوودەدات، بەزۆری لە مانگەکانی زستاندا کە کاتژمێرەکانی ڕۆژ کەم دەبێتەوە.

ئەم نەخۆشییە لە سەرانسەری جیهاندا تووشی ملیۆنان کەس دەبێت و نیشانەکانی بریتین لە؛ بێهێزی و توڕەبوون و گرنگینەدان بە چالاکییەکانی ڕۆژانە. توێژەران پێیان وایە کەمبوونەوەی تیشکی خۆر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی سیرۆتۆنین و زیادبوونی نیشانەکانی خەمۆکی.

بەرکەوتن بە تیشکی خۆر ئاستی وزە و باری دەروونی باشتر دەکات بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین، لەکاتێکدا کەشوهەوای تاریک و باراناوی کاریگەری پێچەوانەی هەیە، زۆرجار دەبێتە هۆی هەستکردن بە دڵتەنگی و ماندوێتی. توێژینەوە جۆراوجۆرەکان ئەم پەیوەندییەیان لە نێوان باری دەروونی و کەشوهەوا پشتڕاست کردووەتەوە، ئەمەش جیاوازی باری دەروونی مرۆڤ لە ڕۆژانی خۆر و ڕۆژانی هەوردا نیشان دەدات.

جگە لەوەش کاریگەری دەروونی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ڕەفتاری مرۆڤیش هەیە. بۆ نموونە مرۆڤ زیاتر مەیلی بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی دەرەوە و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژانی خۆرەتاودا هەیە، ئەمەش دەتوانێت باری دەروونی باشتر بکات. بە پێچەوانەوە، کەشوهەوای خراپ دەتوانێت چالاکی ناوماڵ زیاد دەکات، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەستکردن بە گۆشەگیری.

هەندێک کەس زیاتر هەستیارن بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام هەموو مرۆڤەکان تا ڕادەیەک کاریگەری کەش و هەوا و گۆڕانی وەرزەکانیان لەسەرە. بۆ کۆنترۆڵکردنی گۆڕانی باری دەروونی پەیوەست بە کەشوهەوا، زانایان ڕێگاکانی وەک؛ چوونەر بەر تیشکی خۆر و ڕووناکی، شێوازی ژیانێکی تەندروست و پاراستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، پێشنیار دەکەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن