سەدان حاجی گیانیان لەدەستداوە؛ پلەکانی گەرما لە سعودییە 51 پلەی تێپەڕاندووە

ڕاپۆرت

20/06/2024     ژمارەی بینراو 320

راچڵەکین-

نزیکەی دوو ملیۆن موسڵمان لەم هەفتەیەدا مەراسیمی حەج لە سعودیە تەواو دەکەن. بەهۆی گەرمای تاقەتپڕووکێن و ماندووبوونی حاجییان، لە میانی مەراسیمی حەجی ئەمساڵدا زیاتر لە 500 حاجی گیانیان لەدەستداوە.

لە وەرزی حەجی ئەمساڵ، 19 حاجی هەرێمی کوردستان گیانیانلەدەستداوە و زۆرینەیان ئەو حاجیانەن، کە ڤیزەی یەکساڵی گەیشتی سعودیەیان کردووە.

 

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 4,685 هاوڵاتی بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە، کە 1,460 کەسیان بە رێگەی وشکانی رۆیشتوون.

پلەکانی گەرما لە مەککە لەم هەفتەیەدا 51 پلەی سەدی تێپەڕاند، بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی، 577 حاجی لە وڵاتانی جیاوازەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام لە ئامارێکی دیکەدا، ئاژانسێکی فەڕەنسی کە لەزاری دیپلۆماتکارێکی عەرەبییەوە ئامادەیکردووە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، ئەمساڵ 922 حاجی لە شاری مەککە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو ئاژانسە لای خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، کە لانیکەم 600یان حاجی وڵاتی میسرن و زۆرینە پێکدەھێنن، ھەروەھا 132 حاجی ئیندۆنیزی و 68 ھندی و 60 ئوردنی و 35 تونسی و 11 ئێرانی و سێ سەنیگالی دەگرێتەوە، کە چوار ھێندەی گیانلەدەستدانی حاجیانە لە ساڵی ڕابردوودا. 

ئاژانسی ڕۆیتەرزیش بڵاویکردووەتەوە، حاجییان باسیان لەوە کردووە، لە کەناری ڕێگا لە نزیک ناوچەی مینا چەندان تەرمیان بینیوە، لە دەرەوەی شاری مەککە، بە قوماشی سپی داپۆشراون بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

دەسەڵاتدارانی سعودیە تا ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە ژمارەی فەرمی گیانلەدەستدان بڵاوبکەنەوە، بەڵام ڕایانگەیاندووە، زیاتر لە دوو هەزار حاجیان بەهۆی فشاری گەرماوە چارەسەر کراون.

زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان پەیوەندی بە میسرەوە هەبووە. ئەوانەی هیچ هەواڵێکیان لە کەسوکارەکانیان نەبیستووە، بەدوای هەواڵدا دەگەڕێن لەسەریان، حکومەتی میسریش نووسینگەیەکی تایبەتی ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەم بابەتە لە جددە کردۆتەوە.

بەپێی ئامارێک کە بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا 323 حاجی کە گیانیان لەدەستداوە خەڵکی میسرن و، بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز نزیکەی 120 حاجی میسریش بێسەروشوێنن.

لە ئێران، بە وتەی عەلی مەراشی، بەرپرسی ناوەندی پزیشکی حەج و زیارەت لە مانگی سوور، 14 حاجی ئێرانی لە کاتی حەجی ئەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە و شەشیان بەهۆی گەرماوە بووە.

زانایانی زانستی کەشوهەوا دەڵێن ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە گەرمایە و مردنی حاجیان هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە دەیەکانی داهاتوودا دەیان ملیۆن موسڵمان دەچنە مەراسیمی حەج.

وەرزی حەج لەسەر بنەمای ساڵی قەمەری، ساڵانە 10 ڕۆژ پێشدەکەوێت و ئێستا بەرەو زستان دەڕوات، بەڵام تا ساڵی 2040 دیسان هاوکات دەبێت لەگەڵ لوتکەی هاوین لە سعودیە.

مردن بەهۆی گەرماوە لە کاتی مەراسیمی حەجدا دیاردەیەکی نوێ نییە و ساڵانە هەندێک کەس بەهۆی گەرما یان قەرەباڵغی و فشاری قەرەباڵغی گیان لەدەست دەدەن.

ڕانەهاتن بە گەرمایەکی زۆر و چالاکیی جەستەیی و مانەوە لە هەوای کراوە و تەمەنی حاجیان، وەک گرنگترین هۆکاری مردن لە کاتی مەراسیمی حەجدا باس دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو لانیکەم 240 حاجی لە وڵاتانی جیاجیا لە کاتی حەجدا گیانیان لەدەستداوە، زۆربەیان هاوڵاتی ئەندەنوسیا بوون.

بە گوتەی بەرپرسانی سعودیە، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو هەزار کەس لە کاتی حەجدا تووشی فشاری گەرما بوون.

ڕێکخەرانی حەج لە سعودیە ساڵانە ڕووبەڕووی تۆمەت دەبنەوە بەوەی کە "ئیمکاناتی پێویست بۆ خۆپاراستن لە گەرمایان دابین نەکردووە."

لەکاتێکدا ساڵی 2016 سعودیە "ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی گەرما"ی بڵاوکردەوە، کە بریتی بوو لە دروستکردنی ناوچەی سێبەر، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە لە هەر 500 مەترێکدا، لەگەڵ باشترکردنی دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی.

ئەمساڵ دەسەڵاتدارانی تەندروستی سعودیە هۆشدارییان بە حاجیان داوە کە لە کاتژمێر 11:00 بەیانی تا 3:00 پاشنیوەڕۆ ئاوی زیاتر بخۆنەوە و خۆیان لە دەرەوە بپارێزن.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن