راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە سەرجەم ئەندامانی خێزانی براكەی خۆی كوشتبوو.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ئاشكرایكردووە، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت كە لەناوچەی سەدر-ی رۆژهەڵاتی بەغدا، تۆمەتبارێك بە چەكی كڵاشینكۆف هێرشی كردووەتە سەر ماڵی براكەی و سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی كوشتووە كە ژمارەیان سێ كەس بوو، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی رەسافە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردو توانییان لەماوەیەكی زۆر كەمدا بەسوود وەگرتن لە كامێراكانی چاودێری، شوێنی تۆمەتبارەكە دەستنیشان بكەن و لە بۆسەیەكدا لەناوچەی شەعب-ی باكووری رۆژهەڵاتی بەغدا دەستگیری بكەن.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، لەمیانی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە تاوانەكە لەئەنجامی كێشەی خێزانییەوە روویداوە، تۆمەتبارەكەش دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.