چۆن خۆمان بپارێزین لە بەردی گورچیلە؟

تەندروستی

14/06/2024     ژمارەی بینراو 447

راچڵەکین-

بەردی گورچیلە كێشەیەكی جیهانیە، لە نێو هەموو نەتەوەو ئایین و ئاینزایێك هەیە، هەروەها ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە بۆ یەكەم جار لە یۆنانی كۆن لەلایەن هیپۆكراتەوە (460 – 377) ی پێشی میلاد باسی نیشانەكانی بەردی میزەڵدان كراوە. ڕێژەی توشبوون بەبەردی گورچیلە لەم چەند دەیەیەی دوایی زیادی كردووە بەهۆی گۆڕانی بنەڕەتی لە شێوازی ژیانمان.

بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی بەردیان هەیە ئەگەری دووبارە توشبوونەوەیان هەیە لە داهاتوو، بۆیە خۆپارێزی كاری هەرە لەپێشینەیە دوای چارەسەركردنی بەردەكە. ئەوەی ئێمە لێرەوە ئاماژەی پێدەكەین چەند سەرە خاڵێكە بۆ خۆپاراستن لە بەردی گورچیلەو كۆئەندامی میزە بە شێوەیەكی گشتی.

1. ئاو خواردنەوە بە بڕێكی باش ڕۆژانە بەلای كەمەوە دەبێت دوو لیتر ئاو بوخرێتەوە (بۆ كەسێكی پێگەیشتوو).

2. كەمكرنەوەی خوێ، چونكە خوێ یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی دروسبوونی بەردی گورچیلە.

3. وازهێنان لە خوردنەوە گازیەكان، چونكە بڕی ترشێتێ خوێن و میز زیاد دەكات كە ژینگەیەكی لەبارە بۆ دروسبوونی بەرد، هەروەها بڕێكی زۆر لە كالیسیۆم ئێسكەكانمان دەردات بۆ ناو خوێن بەمەش بڕی كالیسیۆمی دەردراوی میز زیاد دەكات.

4. زیدەڕۆیی نەكردن لەو خواردنانە بڕێكی زۆر پڕۆتینییان تێدایە، وەك گۆشت، هێلكە هەروەها كەمكردنەوەی چەوری، چونكە وادەكات بڕێكی زۆر لە ئۆگزالێت لە ڕیخۆڵەكان بمژرێت.

5. دابەزاندنی كێش و وەرزشكردنی ڕێك و پێك.

6. چارەسەكردنی هەوكرنی گورچیلەو ڕێڕەوی میز.

7. كەمكردنەوەی ئەو خواردنانەی كە بڕێكی زۆر ئۆگزالێتیان تێدایە وەك ڕێواس، سپێناخ، چەوەندەر، چۆكلێت.

8. لەكاتی وەرگرتنی ڤیتامین D و ڤیتامین C دەبێت لەژێر چاودێری پژیشك دابێت نابێ بەشێوەی هەڕەمەكی بێت، چونكە زێدەڕۆیی كردن دەبێتە هۆی دروسبوونی بەرد.

9. چارەسەركردنی ناڕێكی زگماكیەكانی كۆئەندامی میز.

10. چارەسەكردنی كێشەی پڕۆستان لە نەخۆشە بە تەمەنەكان.

11. دانانی ڕژێمێكی پارێزی و چەندین ڕێنمایی لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ بە گوێرەی جۆری بەردەكە.

ئەوەی باسمانكرد خۆپارێزی بوو لەبەردی گورچیلە بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام بێ گومان بۆ هەر نەخۆشێك بە گوێرەی جۆری بەردەكە و فسیۆلۆژی نەخۆشەكە چەندان خاڵ و ڕێنمایی تایبەت پێویستن.

ئامادەکردنی: د. کاوە فقی رحيم

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن