محەممەد موخبر، جێگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی ئێران کێیە؟

ڕاپۆرت

20/05/2024     ژمارەی بینراو 516

راچڵەکین-

بە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر و دوای پەسەندکردنی ئایەتوڵڵا خامنەیی، محەمەد موخبەر دێزفولی، جێگری یەکەمی ڕەئیسی، بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران تا هەڵبژاردن لە ئەستۆ دەگرێت. بۆ ماوەی دوو مانگ ئەم پۆستە بەدەست دەهێنێت. بەپێی دەستووری ئێران، لە ماوەی 50 ڕۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوە دەچێت.

بە پێی مادەی 131ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ئەگەری کۆچی دوایی سەرۆک کۆمار، جێگری یەکەمی "بە ڕەزامەندی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران واتە خامنەیی، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها ئەنجومەنێک کە لە سەرۆکی پەرلەمان و ئەنجوومەنی دەسەڵاتی دادوەری و جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار پێکدێت". ئەم ئەنجوومەنە پابەندن بە ڕێکخستنی هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ کە زۆرترین ماوە 50 رۆژ زیاتر تێنەپەڕێت".

محەممەد موخبەر دێزفولی, پێش ئەوەی ببێتە جێگری یەکەمی ئیبراهیم ڕەئیسی، نزیکەی 15 ساڵ بەرپرسی "دەزگای جێبەجێکاری فەرمان ئیمام" بووە، کە ئەم دەزگایە بەیەکێک لە دەوڵەمەندترین کۆمەڵە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. ئەم دەزگایە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا دا کاردەکات و هیچ دەزگا و ئۆرگانێک مافی لێپێچینەوەی لەبەرامبەردا نیە.

دێزفولی کە لە کێبڕکێ لەگەڵ ناوە ناسراوەکانی بەرەی ئوسوڵگەراکانی ئێران بوو بە جێگری سەرۆک کۆمار، و بەرپرسی "دەزگای فەرماندەیی ئابووری مقاوەمە"ی گرتە ئەستۆ بۆ ڕێکخستنی دۆخی ئابووری وڵات، هەرچەندە بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە تۆمارێکی سەرکەوتووی نەبووە.

محەمەد موخبەر دێزفول، لە 1955 لە شاری دێزفول لەدایک بووە. بنەماڵەکەی ئایینی بوون، باوکی شێخ عەباس موخبەر بانگخواز و پیاوی ئایینی بووە و لە سەردەمێکدا ئیمامی کاتی دێزفول بووە.

محەممەد موخبەر خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە دێزفول و ئەهواز تەواو کردووە و هەروەک میدیا ئێرانییەکان نووسیویانە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاریی کارەبا، بڕوانامەی ماستەر لە بەڕێوەبردن و دکتۆرا لە کارگێڕی و پلاندانانی گەشەپێدانی ئابووری، هەروەها دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی هەیە.

زانیاری زۆر لەسەر چالاکییەکانی بەر لە شۆڕشی 1979 نییە، بەڵام ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە وتارێکدا نووسیویەتی کە لە گەڵ کەسانی وەک محەمەد جەهانئارە، عەلی شەمخانی، موحسین ڕەزایی، محەمەد فروزەندە و محەمەد باقر زولقادر، ئەندامی گرووپی "مەنسوورون" بووە. ئەو گرووپەش کە لە خوزستان پێکهات و پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دژی حکومەتی پەهلەوی چالاک بوون.

دوای دامەزراندنی سوپای پاسداران لە خوزستان، وەک ئەفسەری تەندروستی سوپای دێزفول دەستنیشانکرا و لە ساڵانی شەڕی ئێران و عێراقدا ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوو.

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئێران و عیراق، محەممەد موخبر بوو بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پەیوەندییەکانی دێزفول و جێگری جێبەجێکاری کۆمپانیای پەیوەندییەکانی پارێزگای خوزستان و پاشان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم کۆمپانیایە. هەروەها بۆ ماوەیەک جێگری پارێزگاری خوزستان بووە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە 2007، وەک بەرپرسی ستافی جێبەجێکاری فەرمان ئیمام دەستنیشانی کرد.

لە 2021، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کاتێک گەمارۆی بارەگای جێبەجێکاری فەرمان ئیمام و محەممەد موخبەر، بەرپرسی ئەوکاتەی دا، بارەگاکەی بە "ئەهریمەنێکی بازرگانی" وەسف کرد کە "نزیکەی لە هەموو کەرتەکانی ئابووری ئێران، لەوانەش وزە، پەیوەندییەکان، و خزمەتگوزارییە داراییەکان بەشداری دەکەن."

خەمڵاندنی جیاواز بۆ سەروەت و سامانی دەزگای فەرماندەیی جێبەجێکردن هەیە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ساڵی 2013دا، لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەدا، دەزگای جێبەجێکردنەکەی بە "ئیمپراتۆریەتێکی ئابووریی گەورە" ناوبرد و بەهای سەروەت و سامانەکەی لەو کاتەدا بە نزیکەی 95 ملیار دۆلار خەمڵاند.

بە کۆچی دوایی سەرۆککۆماری ئێران، محەممەد موخبەر ئەرکێکی نوێ و چاوەڕواننەکراوی دۆزیەوە کە تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دانانی سەرۆک کۆماری داهاتوو بەردەوام دەبێت. ئێستا سەرۆکی کاتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن