راچڵەکین-
پۆلیسی ئێران رایگەیاندووە، کە ئەندامانی تۆڕی شەیتانپەرستی کە هاوڵاتی ئێرانی و بیانیشی تێدابووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن ڕێکخراوی هەواڵگری پۆلیسەوە ناسێنراون و دەستگیرکراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە کە "بە گشتی 146 پیاو و 115 ژن" لە رێکخراوەکەیاندا لە ناوچەی شەهریار لە باشووری ڕۆژئاوای تاران دەستبەسەر کراون. دەشڵێت، کەسەکان رووت بوون و لۆگۆ و نیشانە و هێماکانی شەیتانپەرستی لەسەر جل و بەرگ و سەر و دەموچاو و قژیان هەبووە.
باسی لەوەش کردووە، لەناو رێکخراوەکەدا سێ هاووڵاتی ئەوروپیشیان دەستگیرکردووە.
ئەم کەسانە بە "بڵاوکردنەوەی کولتوری شەیتانپەرستی و لەشفرۆشی و ڕووتی" تۆمەتبار کراون.
دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر دەستەواژەی "شەیتانپەرست"یان بەکارهێناوە بۆ ئاماژەدان بە تیپی موزیکی میتال و هەوادارانی ئەم شێوازە مۆسیقایە.