نیشانه‌كانی وه‌رگه‌ڕانی پێ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

26/04/2020     ژمارەی بینراو 3230

وه‌رگه‌ڕانی پێ

\ڕاچڵه‌كین-
وه‌رگه‌ڕانی پێ بریتییە لە سوڕانی جومگەی گۆزینگ بۆ دیوی ژورەوە کە دەبێتە هۆی پچڕانی بەستەرەکانی چواردەوری گۆزینگ، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر دێدەوان نامق پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان جۆر و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

وەک بەشێک لە پێکانی وەرزشی، بە یەکێک لە باوترین هۆکارە سەرەکیەکانی دوورکەوتنەوەی یاریزان دادەنرێت لە یاریە وەرزشیەکان (بە تایبەتی یاریزانانی بالە و باسکە) ،لە کەسانی ئاسایی تریش ڕوودەدات بە هۆی سوڕانی جومگە.

جۆرەکانی:
بە شێوەیەکی گشتی سێ جۆری هەیە:
1- برینداربوون و ڕووشانی بەستەری جومگە: ئەم جۆرەیان ئەستوربون ئازارێکی کەمی لەگەڵ دەبێت.
2- پچرانی ناتەواوی بەستەر: ئەمەیان ئەستوور بوون و ئازارێکی زیاتری ڵەگەڵ دەبێت.
3-پچرانی تەواوی بەستەری جومگە: ئەمەیان ئەستوور بوونێکی زۆر و ژانێکی زۆری لەگەڵ دەبێت، زۆربەی جار نەخۆش ناتوانێ لە سەری بڕوا و قورسایی خۆی بە تەواوی لە سەر دابنێ بەهۆی ئازار.

نیشانەکانی:
نیشانە سەرەکییەکانی بریتییە لە ئازاری جومگە بە تایبەتی کاتێک لە سەری دەڕوات و قورسایی خۆی دەکەوێتە سەر،
هەروەها ئەستوور بوون و خوێن تێزانێکی زۆری ژێر پێست.

دەست نیشان کردن:
زۆربەی جار نەخۆش سەردانی فریاکەوتنەکان دەکەن لە سەرەتادا، لە لایەن پزیشک پشکنینی نورینگەیی بۆ ئەنجام دەدرێت، هەندێکجار تیشکی ئیکس (x-ray) بۆ ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە شکانی لە ئێسکەکانی جومگەی گۆزینگ نییە.

-چارەسەر بە بێ نەشتەرگەری:

چارەسەری دوو هەفتەی یەکەم:
-پێویستە جومگەی گۆزینگ و پێی بە باندەیج ببەسترێتەوە و بووزاو دابنرێت لەسەری تاوەکو ئەستوور بوونەکەی کەم بێتەوە، هەروەها پێویستی بە حەبی دژە ئازار و بەرزکردنەوەی پێیەکانی هەیە.

- ئەگەر ئەستوور بوون و ئازارێکی زۆری هەبێت لە کاتی دانانی قورسایی لەش لە سەری، ئەوکاتە پێویستە لە قالبی گەچ دابنرێت بۆ هەفتەک تا دوو هەفتە.

چارەسەری لە دوو هەفتە تا شەش هەفتە:
نەخۆش پێویستی بە ڕاهێنان و چارەسەری سروشتی دەبێت بۆ بەهێز کردن و ڕاکێشانی ماسولكەی ئەکیلس وماسولکەی دیوی دەرەوەی جومگەی گۆزینگ.

 چارەسەر بە نەشتەرگەری:
ئەگەر نەخۆش بە شێوەکی دووبارەو بەردەوام تووشی ئازار و لەگەرچوون یان لە دەستدانی هاوسەنگی جومگەی گۆزینگ ببێت، ئەوا نەخۆش پێویستی بە چاندنی بەستەر یان جێگیر کردنی جومگە دەبێت بە بەکارھێنانی ماسوولکە ژێی دیوی دەرەوەی حومگە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن