رووسیا دەستگیركردنی ژمارەیەك كەسی تر بەگومانی تێوەگلان لەهێرشەكەی مۆسكۆ رادەگەنێت

جیهان

01/04/2024     ژمارەی بینراو 250

راچڵەكین-

دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا (FSB)، بڵاویكردەوە لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا لە داغستان چوار كەسی گومانلێكراوی بیانیان دەستگیركردووە كە پارە و چەكیان بۆ هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر هۆڵی كۆنسێرتی كرۆكوس سیتی هۆڵ لە مۆسكۆ دابینكردووە.

لە ڕاگەیاندراوێكدا كە لەلایەن دەزگاكەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە لە كۆماری داغستانی سەربە فیدراسیۆنی ڕووسیا ئۆپەراسیۆنێكیان كردووەتە سەر خانوویەك و چوار گومانلێكراویان دەستگیركردووە كە ئامادەكارییان كردووە بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی لە شاری كاسپیسك، بەوەش ڕێگرییان لە ئەنجامدانی ئەو كردەیە كردووە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە؛ ''لەو چەكدارانەی دەستگیركراون دەركەوتووە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان هەبووە بە دابینكردنی پارە و چەك بۆ ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستییەكەی 22ی ئاداری سەر هۆڵی كۆنسێرتی كرۆكوس سیتی هۆڵ لە مۆسكۆ''.

شەوی 22ی ئاداری ئەمساڵ، ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر هۆڵی كۆنسێرتی كرۆكوس لەمۆسكۆ، لەئاكامدا زیاتر لە 145 كەس گیانیان لەدەستداو دەیانی تریش برینداربوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن