راچڵەكین-
وتەبێژی كۆنسوڵخانەی چین دەڵێت، نیگەرانن لەوەی شامپۆیەكی چینی كاریگەری خراپی لەسەر بەكارهێنەران هەبووە:" ئامادەی هاوكاریكردنی دەزگا پەیوەندیدارەكانین بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر سەرچاوەی هاوردەكردنەكەی."
وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: "ئێمە سەرنجمان بەو ڕاپۆرتانە داوە كە لەلایەن هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بە بەرهەمێكی شامپۆ بە ناوی “Brimles Herbal-Bubble”، لێرەدا دەمانەوێت هاوسۆزی خۆمان بۆ بەكارهێنەرانی ئەو بەرهەمە بگەیەنین، ئێمە نیگەرانی خۆمان بەم ڕووداوە دەڕەبڕین و ئامادەین هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم بكەین بەمەبەستی زانینی سەرچاوە و كەناڵی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشكنینی كوالێتی".
لە سەرەتاكانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ یەكەم قوربانیی دەستی شامپۆكە ئاشكرابوو كە هەستیاریی پێست و ئاوسانی دەموچاوی بۆ دروستكردبوو. ئەو كەسە خەڵكی سلێمانی بوو.
رۆژی 28ی مانگی رابردوو، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی ئەنجامی ئەو پشكنینانەیان راگەیاند كە بۆ شامپۆی Brimles Herbal-Bubble ئەنجامدرابوو، تیایدا ئاماژە بەوەكراوە: " مادەكانی هایدرۆجین پێرۆكساید و رێژەی تفتی و ترشێتییەكەی ستاندار نییە، كە ئەمەش هۆكارە بۆ تووشبوون بە هەستیاریی تووند و چەندین كاریگەریی لاوەكیی مەترسیدار وەك تووشبوون بەشێرپەنجە."