راچڵەكین-
راوێژكارێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق،باس لە یەكلایی كردنەوەی دۆسێیەكی گرنگ دەكات لە سەردانەكەی ئەمجارەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن و دەڵێت، حكومەت بەشێوەیەكی راستەقینە كار بۆ هەمواركردنەوەی پێوەرەكانی مووچەی مووچەخۆران دەكات.
محەمەد ساحب دەراجی، راوێژكاری تەكنیكی سودانی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند:" سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتۆن گرنگ دەبێت و تێیدا چەندان دۆسێ یەكلادەكرێنەوە، لەوانەش پارەی نەوت، بوونی هێزەكانی هاوپەیمانی، دۆسێی وزە و ئاو، لەگەڵ پرسەكانی پەیوەست بە كەشوهەوا".
بە وتەی دەڕاجی:"گەمارۆكانی سەر بانكە ئەهلییەكان بەهۆی تیرۆرەوە نییە، بەڵكو بەهۆی خراپی كار و كەمی زانیاریی لە بەكارهێنانی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنیەوەیە،ئەمریكاش مافی ئەوەی نییە بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ پارەی عیراقدا بكات و سودانی لە سەرداكەیدا ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە".
راوێژكارەكەی سودانی دەڵێت:"لەڕێگەی چەند رێكارێكی حكومییەوە، بەمنزیكانە جیاوازی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار چارەسەر دەبێت".