راچڵەكین-
لە كاتێكدا ئەمریكای باكوور خۆی بۆ خۆرگیرانی تەواوەتی لە 8ی نیسان ئامادە دەكات، كە ڕووداوێكە كۆمەڵگەی زانستی و هەوادارانی بە تامەزرۆوە چاوەڕێی دەكەن، دەنگۆیەكی زۆری لەگەڵ خۆیدا لە سۆشیال میدیادا بڵاوكردووەتەوە.
پەیج و ئەكاونتەكانی سایتەكانی سۆشیال میدیا بە چەند زمانێك لە سەرانسەری جیهاندا قسە لەسەر ئەم خۆرگیرانە بڵاودەكەنەوە، یەكێك لەو دنگۆیانەش ئەوەیە كە رەنگە سێ ڕۆژ بخایەنێت و لەو ماوەیەدا زەوی لە تاریكییەكی تەواودا نوقم دەبێت.
هەروەها هەندێك لە بڵاوكراوەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە خۆرگیران "ڕۆژ دەكاتە شەو" و هەموو جیهان "ئەم ڕۆژە مێژووییە" بەخۆوەدەبینێت.
ئەم پۆستانە هەزاران شەیر و كارلێكیان لە سایتەكانی سۆشیال میدیا بە چەند زمانێك لە سەرانسەری جیهان بەدەستهێنا.
هەڵە و زیادەڕۆیی
زۆربەری هەرە زۆری ئەو زانیاریانە تەواو نادروستن و زیادەڕەوییان لەخۆگرتووە، بەجۆرێك كە خۆرگیرانەكە تەنیا لە ئەمریكای باكوور دەبینرێت، تەنیا بە مەكسیك و ئەمریكا و كەنەدادا تێدەپەڕێت، بەپێی (ئاژانسی ناسا)ش تاریكی هەموو هەسارەی زەوی ناگرێتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، زانایان دەڵێن، تاریكییەكە تەواوی "رووناكی خۆر ناگرێتەوە"، وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆبەرت سیمكۆ، بەڕێوەبەری پەیمانگای تەكنەلۆژیای ماساشوستس و توێژینەر لە بۆشایی ئاسمان، رەتیدەكاتەوە لە خۆرگیرلاانەكەدا ئاسمان بە تەواوەتی رەش ببێت.
هەروەها دەڵێت، "مانگ لە كاتی خۆرگیراندا رووكاری خۆر تەمومژاوی دەكات، بەڵام ڕووناكییەكەی بە تەواوی داناپۆشێت، دۆخەكە وەك ساتێكی خۆرئاوابوون دەبێت لە ناوەڕاستی ڕۆژدا".
لە كاتێكدا هەندێك باس لەوە دەكەن كە خۆرگیرانەكە سێ یان پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، ئاژانسی (ناسا) ڕایگەیاندووە،زۆرترین ماوەی ئەم رووداوە چاوەڕوانكراوە چوار خولەك و 28 چركە دەبێت و ئەوەش بە تایبەتی لە شاری تۆریۆن لە مەكسیك دەبێت.
جگە لەوەش شارەزایان دروستی ئەو هۆشدارییانەیان رەتكردەوە كە لە بارەی پێویستی مانەوە لە ماڵەوە یان گەشتنەكردندا بڵاوبوونەتەوە، لە لایەكی دیكەوە هۆشدارییاندا لە مەترسیی سەیركردنی ڕاستەوخۆی خۆر بەبێ بەكارهێنانی عەدەسەی تایبەت یان دووربین.
خۆرگیرانی 8ی نیسان
ئەم دەنگۆیانە لە كاتێكدان كە ئەمریكای باكوور لە ئێستاوە خۆی بۆ مانگگیرانێك لە 8ی نیسان ئامادە دەكات، هەواداران و زانا و توێژەران بە تامەزرۆوە چاوەڕێی ئەوە دەكەن.
زانایان بە تایبەتی هیوادارن سود لەم خۆرگیرانە تەواوەتییە وەربگرن، رووداوێك كە هەمیشە دووبارە نابێتەوە، بۆ زیاتر قووڵبوونەوە لە لێكۆڵینەوە لە توێژاڵی خۆر و بەرگەهەوای هەسارەی زەوی، ئەمە جگە لە لێكۆڵینەوە لە كاریگەریی ئەم دیاردە گەردوونییە لەسەر هەڵسوكەوتی هەندێك ئاژەڵ و باڵندە و مێروو.