راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق شێوازی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا دیاری دەكات و رایدەگەیەنێت: دوای تەواوكردنی ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعیراق، پەیوەندیی دووقۆڵی بەغداو واشنتۆن بەگوێرەی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە سیناتۆر كریستۆڤەر كونز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمریكا كرد، كە بە نوێنەرایەتی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، سەردانی عیراقی كردووە.
لە دیدارەكەدا سوودانی، گرنگی هاوبەشیی نێوان عیراق و ئەمریكای روونكردەوەو جەختیشی لە گواستنەوە بۆ پەیوەندییەكی دوو قۆڵی كرد كە بە رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای تەواوكردنی ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەپێی خشتەی كاتی دیاریكراو.
لە بەرامبەردا سیناتۆرەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا، ئاماژەی بەوەكرد كە سەردانەكەی بۆ بەغداو دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەسەر داوای جۆ بایدن سەرۆكی ئەمیكا بووە، ووتیشی:" پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا، پێویستی بە فراوانكردن هەیە لەبوارەكانی ئابووری، كولتووری و تەندروستی.
دیارەكەی نێوان سەرۆكوەزیرانی عیراق و ئەندامەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا، لەكاتێكدایە واشنتۆن بە فەرمی بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی سوودانی كردووە بۆ ئەوەی سەردانی كۆشكی سپی بكات و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.