راچڵەكین -
یاداشتێك بە واژۆی 57 پەرلەمانتار ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكرێت بۆ ناچاركردنی وەزارەتی نەوت بە راگرتنی هەناردەی ئەو نەوتەی كە بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ بە ئوردن دەدرێت.
میدیاكانی عیراق یاداشتێكیان بڵاوكردووەتەوە كە بە واژۆی 57 پەرلەمانتار ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كراوەو تێیدا داوا دەكەن وەزارەتی نەوت ناچار بكرێت بۆ راگرتنی هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوتەی كە رۆژانە رەوانەی ئوردن دەكرێت و بە نرخێكی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ، بەو وڵات دەفرۆشرێت.
یاداشتی ئەو پەرلەمانتارانە، وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر عیراق كە گومان دەكرێت سوپای ئوردن بەشداریی لە هێرشەكاندا كردبێت.
بەپێی رێككەوتنێكی پێشووی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و ئوردن، عیراق رۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخێكی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ هەناردەی ئوردن دەكات.