بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
راچڵەكین -
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادی 20 ساڵەی مورافەعە مێژووییەكەی سەرۆك مام جەلال، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: كەركووكی قودسی كوردستان بەشێكی گەورە و گرنگی خەباتی سیاسیی سەرۆك مام جەلال بوو، ئەمڕۆش ئێمە بە هەمان وزە و رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە دەدەین و خەبات لەپێناو سەربەرزیی و سەرفرازیی كەركووك و خەڵكە تێكۆشەرەكەیدا دەكەین.
دەقی پەیامەكە:
ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی 20 ساڵەی مورافەعە مێژووییەكەی سەرۆك مام جەلال لە ئەنجوومەنی حوكم دەكەینەوە، یادی ئەو رۆژەی سەرۆك و رابەرمان بە نەخشە و بەڵگەی مێژووییەوە، كوردستانیبوونی كەركووكی سەلماندەوە.
كەركووكی قودسی كوردستان بەشێكی گەورە و گرنگی خەباتی سیاسیی سەرۆك مام جەلال بوو، ئەمڕۆش ئێمە بە هەمان وزە و رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە دەدەین و خەبات لەپێناو سەربەرزیی و سەرفرازیی كەركووك و خەڵكە تێكۆشەرەكەیدا دەكەین.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لە كەركووك و لەناو دڵی خەڵكە خۆڕاگرەكەیدا بووە، خەمی كەركووك خەمی ئێمەیە و گەیشتن بە مافە یاسایی و دەستوورییەكانیشی لە ئەستۆی ئێمەیە.
ئێمە دەمانەوێت كەركووك وەك هەمیشە نموونەی باڵای ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بمێنێتەوە و خەباتیشی بۆ دەكەین، كەركووك ئەو شارە بێت كە هەموو دانیشتووانەكەی بەسەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانەوە دوور لە ناكۆكی، بە خۆشەویستی و بەرپرسیارێتییەوە كار بۆ داهاتوویەكی پرشنگدارتر بكەن و كەركووك ببێتەوە بەو شارەی هەمووان خەونی پێوەدەبینن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان