راچڵەكین-
ئەمڕۆ سێ شەممە بەشێك لە كاسبكاران و دوكاندارانی بازاڕی ژێر قەڵاتی هەولێر لە گردبونەوەیەكدا داوایانكرد ڕێگایان بدرێت بۆ ئەوەی دوكانەكانیان بكەنەوە .
كاسبكاران دەڵێن، ناتوانن زیاتر چاوەڕوان بن، چونكە تاكە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لەسەر بازاڕ و دوكانەكانیانەو جگە لەبژێوی ژیانیان زۆرینەشیان كرێچین وتائێستاش بڕیارێك بۆ كرێنشینان دەرنەچووە.
رۆژی 18ی ئەم مانگەش زیاتر لە هەزار دوكاندار و كاسبكاری ناوچەی پیشەسازی باكور لە هەولێر و دوكاندارانی بازاڕی نیشتمان و داو تاون و قەیسەری و شێخەڵا گردبونەوە ئەنجام دەدەن و داوای كردنەوەی دوكانەكانیان دەكەن
بەشێك لەو دووكاندارانە رایانگەیاند، هەتا ئێستا سەرجەم بڕیارەكانی حكومەتیان جێبەجێكردوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام زۆربەیان زیانێكی زۆریان كردوەو مەوادێكی زۆریان خەسار بوە.
لە 14ی ئاداری ئەمساڵەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆی لەسەرجەم شاروشارۆچكەكاندا راگەیاندووە، تائێستا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئەو بڕیارە چەند جارێك درێژكراوەتەوە كە دواهەمینیان تا 23ی ئەم مانگەیە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕیارێكی دەرنەكردووە بۆ هاوكاریكردنی ئەو كەس و خێزانانەی كە بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆوە زیانیان بەركەوتووەو بەتایبەت كە هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر كارو كاسبی رۆژنەیانە، جگە لەوە تائێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نەدراوە بۆ لێخۆشبوون لە كرێی دوومانگی ئەو خێزان و كەسانەی لەخانوو یاخود دووكانی كرێدان.