عیراق رێوشوێنی نوێ لەدژی دیاردەی سواڵكردن دەگرێتەبەر

عێراق

03/01/2024     ژمارەی بینراو 198

راچڵەكین -

حكومەتی عیراق رێوشوێنی نوێ لەدژی دیاردەی سواڵكردن دەگرێتەبەر و سەرۆك وەزیرانیش سەرجەم پارێزگارەكان رادەسپێرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ چارەسەری گونجاو بۆ كۆتایی هێنان بەم دیاردەیە بدۆزنەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەشتی محەمەد شیاع سودانی، دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكانی عیراق كۆبووەوە.

تەوەرێكی كۆبوونەوەكە، باسكردن بوو لە دیاردەی سواڵكردن، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرجەم پارێزگارەكانی راسپارد هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بكەن بەمەبەستی بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە لەڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و كەمیی هەلی كار، دیاردەی سواڵكردن لە شارەكانی عیراق بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەپێی زانیارییەكانیش، زۆرێك لەو كەسانەی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان سواڵ دەكەن، لەلایەن باندەكانەوە كاریان پێدەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن