راچڵەكین-
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، بەهۆی كارەساتی قەزای حەمدانییە و ئاگركەوتنەوەی باڵەخانەكەی سۆران كە هاووڵاتیانێكی زۆر لە هەردوو كارەساتەكە گیانیان لەدەستدا و وەك رێزگرتن لە گیانی ئەو قوربانیانە، پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگێك بۆ جەژنەكانی كریسمس و سەری ساڵ، ناگێڕێت.
بەپێی راگەیاندراوێك كە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بڵاوكرایەوە"ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ قایمقامەكانی ناوەند و عەنكاوە و نەریوەبەرایەتیە گشتیەكانی گەشتوگوزار و تەندروستی و هێزەكانی ناوخۆ و زێرەڤانی كۆبوەوە".
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە"پارێزگاری هەولێر لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە، بەهۆی كارەساتی قەزای حەمدانییە و ئاگر كەوتنەوە لە باڵەخانەیەكی سۆران كە تێیاندا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، بۆ رێزگرتن لە گیانی ئەو قوربانیانە و هەستی خانەوادەكانیان، پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەكی فەرمی تایبەت بە سەری ساڵی نوێ ئەنجام نادات، بەڵام هاووڵاتیان ئازادن لەوەی لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان ئاهەنگ ساز بكەن".
ئومێد خۆشناو دەڵێت،"لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و گەشتیاران، بۆ رێگەگرتن لە روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراو و نا یاسایی، ئەركیان بەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەكان لە پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی، پۆلیسی فریاكەوتن و چاڵاكییە مەدەنییەكان، هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و تیمە تەندروستییەكان دابەشكردووە، دووپاتیشی كردووە كە پێویستە ئاسانكاری لە دەروازەكان پێشكەشی ئەو گەشتیارانە بكرێت كە بۆ شەوی سەری ساڵ دێنە هەولێر".
پارێزگاری هەولێر دەڵێت"رێگری لەوانە دەكرێت كە نیازیان هەبێت لە دەرفەتی پشووی سەر ساڵ بیكەنە سەر موڵكی گشتی و زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەردا بكەن".