راچڵەكین-
17 ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك، وەك رۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەستنیشانكراوە.
باگراوندی رۆژی ئاڵای كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 1945/12/17، كاتێك لەمەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی پێشەوای قازی محەمەدو شۆڕشگێڕانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ئاڵای كوردستان بە فەرمی لەمەیدانی چوارچرا لە مهابادی پایتەختی كۆماری كوردستان هەڵكرا.
گۆڤاری كوردستان، بڵاوكراوەی ئەو كاتەی حزبی دیموكراتی كوردستان لە ژمارەی سێیەمی خۆیدا، لە ژێر سەردێڕی (هەڵكردنی ئاڵای موقەدەسی كوردستان لە مهاباد) بڵاویكردووەتەوە: "رۆژی 26 ی سەرماوەز [ی 1324ی هەتاوی] = 17 ی دیسامبری 1945، تەواوی نوێنەرەكانی ئەهالی كوردستان لە شاری مهاباد كۆبوونەوە، لە سەعات 10 ی بەیانی لە كانگای حزب ئاڵای كورد بە حوزوری دەهەزار نەفەر هەڵكراو لە كاتێكدا دەستەی مووزیك مارشی میللی لێ دەداو لە سەرتاسەری شەقامی وەفایی-دا صەفی نیزام كە لولەی تفەنگو موسەلسەلو سەرنیزەیان دەدرەوشا دەستەی لاوانو قوتابیانی مەكتەب، كچ و كوڕ، لە لای راستی ئاڵا لە حەرەكەتدا بوون، گەورەو چوكی مهاباد هەیئەتو نوێنەرانی حزبی دیموكرات لە پشت سەری ئاڵا سەری تەعزیمیان بۆ دانەواندبوو، بۆ ئیحتیرام چەپڵەیان لێ دەداو هورایان دەكێشاو، پیشەوای موعەزەمی كوردستان جەنابی قازی محەمەد وتارێكی بە تینی لە بابەت ئاڵای موقەدەسی كوردستان ئیراد فەرموو".
ساڵی 1999 پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی دەركرد لە بارەی ئاڵای كوردستانەوەو شێوازی ئاڵاكەو مامەڵەكردنی لەگەڵیدا بە یاسا رێكخست.
یاسای ژمارە 14 ساڵی 1999
یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستان - عیراق
مادەی یەكەم: هەرێمی كوردستانی عیراق ئاڵایەكی شێوە لاكێشەیی دەبێت پانیەكەی سێ یەكی درێژیەكەی دەبێت بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژیو پانی دابەشكراوە، بەم شێوەیەی پێكهاتووە:
1- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد.
2- لاكێشەی ناوەڕاست سپیە، هێمایە بۆ ئاشتیو ئازادیو دیموكراتیو لێبوردەیی كە گەلی كوردستان دەیەوێت.
3- لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵو سروشتو ژینگەی كوردستان.
4- لە ناوەراستی لاكێشە سپیەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، 21 تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی هەردوو لاكێشەی سوورو سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیانو مەعریفەو هیواو گەشبینی، 21 تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، رۆژی بەرەنگاربوونەوەو راپەرینو شۆڕشو رزگاری دژی زوڵمو ستەمو چەوسانەوە.
مادەی دووەم: بەنیزام ئەو باڵەخانانە دیاری دەكرێت كە ئاڵاكەیان لەسەر بەرزدەكرێتەوە.
مادەی سێیەم: بەرزكردنەوەی ئاڵا لە كاتی خۆرهەڵاتدا دەبێتو داگرتنیشی لە كاتی خۆرئاوا بووندا دەبێت.
مادەی چوارەم: دروستكردنی ئاڵاو چاپكردنو فرۆشتنی پەیوەستە بە ریگەپێدانی وەزارەتی رۆشنبیری.
مادەی پێنجەم: نابێت ئاڵا بەرزكردنەوەی یان لە بۆنە نیشتمانیو نەتەوەیەكانو ئاهەنگەكاندا بەكاربێت، ئەگەر شایەنی بەكارهێنان نەبێت، وەك گۆڕینی رەنگو خاوێنیو دران.
مادەی شەشەم: ئاڵا لە تەك ئاڵای عیراق بەرزدەكرێتەوە لەو بۆنانەش كە ئاڵای عیراقی تێدا بەرزدەكرێتەوە، هەركاتێك كە شێوازی دەستووری لە ئارا دابوو بۆ داننان بە فیدڕاڵیەت وەك چارەسەر بۆ كێشەی كورد لە عیراقدا.
مادەی حەوتەم: ئەنجوومەنی وەزیران رێسایەكی تایبەت بۆ ئاسانی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.
مادەی هەشتەم: لەسەر ئەنجوومونی وەزیرانە ئەم یاسایە جێبەجێ بكات.
مادەی نۆیەم: كار بەهیچ دەقێكی تر ناكرێت كە پێچەوانەی ئەحكامەكانی ئەم یاسایە بێ.
مادەی دەیەم: ئەو یاسایە لەرۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێتو لە رۆژنامەی رەسمی بڵاودەكرێتەوە.
دوای ئەو یاسایە رۆژی 19/6/2009، پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 بە كۆی دەنگ رۆژی 17ی كانوونی یەكەمی بە رۆژی ئاڵای كوردستان دەستنیشان كرد، ساڵانە لەو رۆژەدا لە هەرێمی كوردستان ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت.