پشتیوان عەلی
راچڵەكین-
هەموو ئەوانەی سۆزێكیان بۆ داهێنان و جوانیی و كوردبوون هەیە بەمانا داهێنەرانەكەی، خۆشحاڵین هەر نووسەرێكی كورد بەبێ جیاوازیی وەربگێڕدرێت بۆ زمانەكانی تر و خەڵات وەربگرێت. ئەمڕۆش دووبارە كە بەختیار عەلی دوای خەڵاتی ”نیلی زاكس” خەڵاتی”هێلدا دۆمین”ی بۆ ئەدەبیات برد، نیشانەیەكی گەورەیە لەسەر ئەوەی ئەدەبیاتی كوردی ئەو پۆتێنشیاڵەی تێدایە سنوورەكانی شارەكەی و وڵاتەكەی ببڕێت و بڕواتە ناو زمانەكانی ترەوە، لەپاڵ ئەوەشدا كە سنوورەكان دەبڕێت بچێتە ململانێوە و گرەو لەسەر بردنەوەی خەڵاتەكان بكات. وەرگێڕانی كتێبەكانی و داوەتی لە لایەن فیستیڤاڵە ئەدەبییە گەورەکان و زانکۆ جیهانییە گەورەکان و وەرگرتنی دوو خەڵات، پێمان دەڵێت: ئەدەبیاتی بەختیار عەلی ئەدەبیاتی شارێك نییە، دەنگی هەموو شارەكان و مرۆڤێكە بێ جیاوازی.
وەرگرتنی خەڵاتی هێلدا دۆمین لە لایەن بەختیار عەلییەوە زۆرێك لە ئەدەب دۆستەکان و ئەوانەی چاویان بە جوانی و داهێنان هەڵدێت خۆشحاڵ كرد. لە پاڵ ئەم پێشوازی و خۆشحاڵییە زۆرەی خوێنەرانی كورددا. هەندێك لە نەیارەكان وەک پیشەی هەمیشەییان كەوتنە شێواندن و ناوزڕاندن و بەكەمگرتنی خەڵاتەكە.
یەكەم: یەكێک لەوانە دەڵێت: ئەم خەڵاتە لۆكاڵە!. لەڕاستیدا ناكرێت مرۆڤ هێندە گەمژەبێت جیاوازیی دوو جوگرافیا و دوو كولتوور و دوو زمانی جیاواز نەكات و دەرەوە وەك ناوەوە ببینێت و هێندە بێ ئاگابێت شەرق و غەربی بۆ لێك جیانەكرێتەوە. ناكرێت سنووری نێوان ئەڵمانیا و كوردستان بە سنووری هەولێر و سلێمانی، خەڵاتی ”هێلدا دۆمین”یش بە خەڵاتی ڕوانگەو فێستیڤاڵی گەلاوێژ تێبگەیت و بڵێیت: لۆكاڵە.
خەڵاتی لۆکاڵ مانای چییە، ئەگەر لە هایدلبێرگ بوو مانای خەڵک لە فرانکفۆرت و بەرلین نایبیستن! ئایا تەنیا هەندێك نووسەری ناوچەیەک وەریدەگرن! ئەم قسەیە لە هەر لایەکەوە بیری لێ بکەیتەوە واتا نادا بەدەستەوە، ئەگەر مەبەستیش شوێنەکە و شارەکەیە، جگە لە خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتی تر هەیە یونیڤێرساڵ بێت و لۆکاڵ نەبێت!.
دووەم: خالێكی تر كە زۆر جێگای بزە و پێکەنینە، یەکێ نووسیوێتی ئەم خەڵاتە بۆ دەسگیرۆیی ئەو نووسەرە داماوانەیە کە دێن بۆ ئەڵمانیا. هێلدا دۆمین لە تەمەنی 81 ساڵیدا خەڵاتەکەی وەرگرتووە، پێش ئەوە (وسامی)نیشانەی ڕێزی پلە یەکی کۆماری ئەڵمانیای هەبووە، ئێدگار هیلزنڕات لە تەمەنی 90 ساڵیدا خەڵاتەکەی وەرگرتووە، پێشتر نزیکی 5 ملیۆن نوسخە لە کتێبەکانی فرۆشراون، کەچی ئەو برادەرەش نووسیوێتی بۆ قوتابی و شتی وایە کاتێک دێن بۆ ئەڵمانیا و دەستیان کورتە. لە دە کەس خەڵاتەکەیان پێش بەختیار عەلی وەرگرتووە چواریان ئەڵمانن، لە ئەڵمانیا لەدایکبوون، لە زمانی ئەڵمانیش بەولاوە زمانی تریان بەکارنەهێناوە، لەو دە کەسە هەشتیان زمانی نووسینیان زمانی ئەڵمانی بووە، دووانیان لە پاڵ ئەڵمانیادا زمانی تریان بەکارهێناوە.
سێهەم: لای ئەم چەواشە كارانە شێواندنەكە تا ئەو ئاستە ڕۆیشتووە مرۆڤێك بۆ خەڵاتی نیلی زاكس زیاد بكەن بەناوی: وەلید ڕەعد. كە لەڕاستیدا ئەم ڕەعد ناوە هەر لە ئەزەلەوە لەلیستی ئەو خەڵاتەدا نییە. كەسێكی تر بەناوی: ڕەفیق شامی وەریگرتووە، ڕەفیق شامی سریانییەکی خەڵکی سوریایە، بەڵام لە ساڵی 1971 وە لە ئەڵمانیا دەژی و بەرهەمەکانی بە زمانی ئەڵمانین. ئەم چەواشەكارانە بۆ ئەوەی نەڵێن خەڵاتی نیلی زاکس، میلان کۆندێرا و ئەریک فرۆم وەریانگرتووە، بۆ ئەوەی نەڵێن ئەلیاس کانیتی (هەڵگری نۆبل) نادین گۆ ردمێر (هەڵگری نۆبڵ)، مارگرێت ئەتوود ، ناودارترین نووسەری ئێستای جیهان ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە و بەختیاریش لەو ڕیزبەندییەدایە، هاتووە ناوێکی خوازراوی دروستکردوە وەلید ڕەعد، تا بڵێ بەختیار عەلی لە ئاستی ئەم وەلید ڕەعدەدایە. ئایا وەلید ڕەعد کێیە، هەیە یاخود نییە، ئەوە نازانم، بەڵام خەڵاتی نیلی زاکسی وەرنەگرتووە.
لە هەموو شی سەیرتر ئەوەیە نووسیویەتی نیلی زاکس و هێلدا دۆمین جوولەکەن. دیارە میللەتانی زیندوو خەڵاتەکانیان بە ناوی داهێنەرە گەورەکانیانەوە ناودەنێن، ئیتر جولەکەن، بودین، مەسیحین ئەوە ڕۆڵێک نابینێت، قابیلە لە ئەڵمانیا خەڵاتە ئەدەبییەکانیان بە ناوی قاسم سولەیمانی و زەرقاوییەوە ناوبنێن.
بەختیار عەلی وەك پرد
ئەدەبیاتی بەختیار عەلی پردێكە ئازارو هاواری مرۆڤی كورد لێیەوە دەپەڕێتەوە، تەنیا لەم ڕێگا ڕاستەقینەوەیە كە كە جیهانەكان بتوانن دەنگی ئێمە بەدروستیی ببیستن. بۆیە ئەوانەی تانە دەدەن لە خەڵاتەكە و لە ”بەختیار عەلی ”دژی كورد و زمانی كوردین، چونكە ”بەختیار عەلی” بەشە داهێنەرو پاك و جوانەكەی كورد بوونە، كە دەیانەوێت ناشرینی بكەن. ئەوەی بەدژی خەڵاتەكە قسە دەكات دەیەوێت ئەو تاكە كەناڵ و پردەش نەمێنێت و بیڕوخێنن، واتا لە بنەڕەتدا دژی ئەوەن دەنگمان بگات. ئەگەر دیاردەییانە لێی بڕوانین دەتوانم بڵێم: ئەمە جۆرێك لە فۆبیاو ترسانی بوودەڵەو چەواشەكارەكانە لەوەی بەو گەورەیی و مەزنییە ببینرێین-لەسەر ئاستی جیهان. بێشك لەمكاتەدا كە دژی خەڵاتەكەو دژی بەختیار عەلین دژ بەنەتەوەو شوناسی خۆمانین، چونكە بۆ ئێمە ئەدەبیاتی بەختیار عەلی لە دەرەوە نوێنەرایەتی كورد و زمانی كوردی دەكات، نەك شتێكی تر. تۆ كە دژی ئەم خەڵاتەو بەختیار عەلیت، دژی ئەو مێژووەیت لە داهاتوودا لەسەر دەستی داهێنەران دروستدەبێت، لەگەڵ ئەوەدایت مرۆڤی كورد وەك داهێنەر ناوی نەڕوات و وەك خاوەن كولتورو فەرهەنگ و زمانی خۆی نەناسرێت، بەڵكو دەتەوێت ڕوانگەی خۆرئاواییەكان لەسەر كورد و تاكی كورد بەوجۆرە تاوانكارانەیە- وەك ژن كوژ بمێنێتەوە.
لێرەوە تێدەگەین لەسەر دەستی ئەم كەسانە كوردبوون یان ڕۆحە باڵاو داهێنەرەكەی تووشی جۆرێك لە ڕاسیزمی نوێ دەبێت، بەڵام ئەمجارە لە ناوخۆیدا. ئەم جۆرە شێواندنانە هیچ لە بەهای خەڵاتەكە و خودی بەختیار عەلی و ئەدەبیاتەكەی كەم ناكەنەوە، بەڵكو تاكو دێت چاوەكان زیاتر ئەچنەسەری و كوردبوونیش لەڕێگەی ئەم ڕۆحە مەزنەوە بەرەو درەوشانەوەی زیاتر دەچێت.