نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دێتەدەنگ

جیهان

22/11/2023     ژمارەی بینراو 426

راچڵەكین -

نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵوێستی خۆی لەبارەی لێكتێگەیشتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاشكرادەكات، سكرتێری رێكخراوەكەش رایدەگەیەنێت: هەنگاوێكی ئەرێنییە، بەڵام پێویستە زۆر شتی دیكە بكرێت.

ئۆفیسی وتەبێژیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەبارەی لێكتێگەیشتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەستی مرۆیی لە كەرتی غەززە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەنتۆنی گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە كردووە كە قەتەر، میسر و ئەمریكا ئەنجامیان داوە بۆ گەیشتنی ئیسرائیل و حەماس بە لێكتێگەیشتن.

گۆتێرێس جەختی لەوەكردووەتەوە كە لێكتێگەیشتنەكە هەنگاوێكی ئەرێنییە بە ئاڕاستەی گەیاندنی كۆمەكی مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە، بەڵام پێویستە زۆر شتی دیكە بكرێت.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، هەوڵەكان بۆ لێكتێگەیشتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەركەوتوو بوون بۆ راگرتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە بۆماوەی چوار رۆژ.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە كە بەنێوەنگیریی هەریەك لە ئەمریكاو قەتەرو میسر ئەنجامدراوە، لە قۆناغی یەكەمدا ئاڵوگۆڕی دیلەكان دەكرێت، چەكدارانی حەماس 50 دیل و بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەكەن، لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش ژمارەیەك ژن و منداڵی دەستگیركراوی فەلەستینی ئازاد دەكات.

لەگەڵ جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكە، بۆماوەی چوار رۆژ شەڕو پێكدادان لە كەرتی غەززە رادەگیرێت و رێگە بە گەیاندنی كۆمەكی مرۆیی بۆ دانیشتووانەكەی دەدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن