حكومەتی هەرێم لەبارەی راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 9 زانیاری دەخاتەڕوو

کوردستان

20/11/2023     ژمارەی بینراو 1341

راچڵەكین-

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، چاوەڕێن بەشی سێیەمی ئەو 700 ملیار دینار قەرزە بگاتە هەرێم كە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی دەكات.

پێشەوا هەورامانی، بەمیدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە:" حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوی فەرمی كردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت و دەست بەدابەشكردنی مووچە بكەن، ئەوان داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان كردبوو، ئەمڕۆ تەرازووی پێداچوونەوەیان بۆ نێردراوە".

ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەوەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بۆ دابینكردنی مووچە و ناردنی 700 ملیارەكە، جێبەجێی كردووە، بۆیە بەپێی وادە دەبێت تا كۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەكە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان".

وتیشی: "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق هەیە بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیكە (مانگەكانی 10، 11 و 12)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەدوای رێگەیەك دەگەڕێن بۆ ئەوەی مافەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێشێل نەكرێن و لێكتێگەییشتنی باش لەنێوان هەردوولا هەیە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن