ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سوودانی و حەلبوسی ئاشكرا دەكرێت

عێراق

15/11/2023     ژمارەی بینراو 1578

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق لەگەڵ سەرۆكی لەسەركارلادراوی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوەو جەخت لەسەر چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لەڕێی گفتوگۆ و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەكاتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی كۆبووەوەو لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان و كاركردن بۆ بەردەوامیدان بە سەقامگیری سیاسی، گفتوگۆیان كرد.
 
ئاماژە بەوەشكراوە، لە دیدارەكەدا، سودانی جەختی كردووە لەسەر گرنگیی پشتبەستن بە دیالۆگ و چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانەی سەریانهەڵداوە، لەڕێی پەیوەندی نێوان ئەو هێزە سیاسییانەی كە پایەی سەرەكیی پرۆسەی سیاسی پێكدەهێنن.

لە راگەیەندراوەكەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، محەمەد حەلبوسی وەك سەرۆكی ئەنجومنی نوێنەران ناوی هێندراوە، لەكاتێكدا ناوبراو دوێنێ بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، ئەندامییەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشێندرایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن