وڵاتێكی ئەوروپا سنوورەكانی لەگەڵ رووسیا دادەخات

جیهان

14/11/2023     ژمارەی بینراو 516

راچڵەكین -

حكومەتی فنلەندا بەنیازە سنوورەكانی بەڕووی رووسیا دابخات، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زیادبوونی حاڵەتەكانی هاتنی كۆچبەرانی نایاسایی لە رووسیاوە بۆ خاكی وڵاتەكەی و رایدەگەیەنێت: مۆسكۆ بە ئەنقەست ئەم كارە دەكات بە ئامانجی ناسەقامگیركردنی ئاسایشی فنلەندا.

بیتیری ئوربۆ، سەرۆك وەزیرانی فنلەندا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، پلانێكی وڵاتەكەی ئاشكراكرد بۆ سنوورداركردنی زیاتری هاتووچۆ لە رێی دەروازە سنورییەكانی نێوان وڵاتەكەی و رووسیا، راشیگەیاند: تاووتوێی دۆخەكە دەكەین و ئەگەری هەیە هاتووچۆكردن لەچەند دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ رووسیا بە تەواوەتی دابخەین.

سەرۆك وەزیرانی فنلەندا وتی:" بەهۆی زیادبوونی هاتنی كۆچبەرانی نایاسایی لە رووسیاوە بۆناو خاكی وڵاتەكەمان، ناچارین رێوشوێنەكانی هاتووچۆكردن لە دەروازە سنورییەكان توندتر بكەین و ئەگەر بەم رێگایە نەتوانرا هاتنی كۆچبەران كۆتایی پێ بهێنین، ئەوا ناچارین هەندێ دەروازەی سنووری لەگەڵ رووسیا دابخەین".

بیتیری ئوربۆ، رەخنەی توندی لە حكومەتی رووسیا گرت بەهۆی ئاسانكاریكردن بۆ كۆچی نایاسایی لە وڵاتەكەیەوە بۆناو فنلەندا، رایگەیاند: بەرپرسانی مۆسكۆ رێگە بە چوونی كۆچبەران لەڕێی دەروازە سنوورییەكانەوە دەدەن، هەرچەندە ئەو كۆچبەرانە بەڵگەنامەی گەشتكردنیان نییە، ئەم كارەش هەوڵێكی رووسیایە بۆ تێكدانی سەقامگیریی فنلەندا، كە هەرگیز رێگەی پێنادەین.

فنلەندا كە دراوسێی رووسیایەو درێژیی سنووری وشكانیی نێوانیان دەگاتە هەزارو 340 كیلۆمەتر، بەهۆی چوونی بۆناو پەیماتنی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گرژییەكانی لەگەڵ دراوسێكەی زیاتر بوو، ئەمەش دوای هەڕەشەكانی كرملین بە گرتنەبەری رێوشوێنی توند دژ بە حكومەتی هیلسینكی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن