راچڵەكین
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر رایدەگەیەنێت: تائێستا حكومەتی هەرێم لەو بڕە پارەیەی كە لەلایەن حكومەتی عێراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانی و كۆمەكی دەوڵەمەندەكانی وەریگرتووە، هیچ بڕێكی بۆ سلێمانی نەناردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداری بە حكومەت دەدات و دەڵێت: بارودۆخەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێت.
پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی نزیك لە پارتی، رەخنەی توندی لە حكومەتی هەرێم بەهۆی هاوكاری نەكردنیان لە رووبەڕووبونەوەی كۆرۆناو وتی: لەكاتێكدا حكومەت دەستی ئێمەیان بەستووە كە ئێمە هیچ كۆمەك و پشتگیرییەك كۆبكەینەوە، هاوكات تائێستاش پشكی ئێمەیان نەداوە لەو هەموو هاوكارییەی كە لەلایەن حكومەتی عێراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە پێشكەشی هەرێم كراوەو هەموویان بردووەتە لای ئەنجومەنی وەزیران.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكرد كە رۆژی 22-2-2020 داوایان لە حكومەتی هەرێم كردووە، رایگەیاند: ئومێد دەكەم بە زوویی بڕیار بدات و بێنە سەر خەت بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە، چونكە زۆر زۆر درەنگەو باروودۆخەكەش لەوە زیاتر هەڵناگرێت.
پارێزگاری سلێمانی ئاشكراشیكرد، جگە لەو هەموو كۆمەك و هاوكارییەی كە دراوەتە هەرێم و بەشی سلێمانی لێ نەدراوە، تەنانەت ئەو هاوكارییەش نەگەیشتووە كە بڕیار بوو بدرێتە ماڵە كەمدەرامەتەكان.