هاوارێك لە بیست و شەشەمین ساڵڕۆژی شەهید (هاوار)دا

کەلتوور

09/11/2023     ژمارەی بینراو 904

راچڵەكین-

كانیاوەكانی هیران بانگ لەسەفین دەكەن و دەچنەوە نێو سێبەری دارستان، هەر لەگەڵ دەركەوتنی یەكەم چریكەی پایزدا گەڵای دارەكان لە باڵای تۆدا دادەبڕێنن.

سەفینیش بە سێبەری ماتەم هیران دادەپۆشێت و ئەم جارەیان فرمسێكە گەرمەكانی لەتاو ئەو كۆستەی تۆدا تێكەڵ بەدەمەو ئێوارەیەكی پایزانی گردی گەورە و ژوانەكانی شەهیدان دەكات.

سروەی شەوێكی نیمچە ساردی پاییزی، وردە وردە خۆی دەگەیەنێتە چنارەكانی شەقڵاوە و بەڕیز دێڕەكانی یادگاریت دەپۆشن و سەفینیش دوبارە و سێ بارە شەهید هاوار و شەهید تەحسین لە باوەش دەگرێت و دەیانهێنێتەوە یادی دایكە جەرگ سوتاوەكانیان.

باخچەكانی هیران و قەڵات و تەكیە زویر دەبن و بۆ دواجار ماڵئاوایی لەگەڵا هەڵوەریوەكانی ناو باغ و رووبار و سۆرك و سەفین دەكەن، دیسان مەرگ شەرمەزار دەكەن، چونكە تۆیان لەناو مەرگی نەناسدا چەماندەوە و ئیتر یادگاریەكانت لە تارمایی ئێوارەیەكی پایزانی هیران و سەفین دەچێت، كە چۆن هەر لە ئێوارەیەكی زووەوە سێبەرەكەی باڵ دەكێشێت، یان هەر لە هێشووە ترێیەكی رەشمیریی دەچیت لەرەزو باخچەكانی (صافی) و هەموو شەهیدانی هیرانت بۆ دەڤەرەكە هێناوە.

تۆ بوویتە هاو رێبواری كاروان سەرای شەوە زەنگی ئەستێرەكان و هێمن هێمن و زۆر بە بێ دەنگی راكشایت و بەجێتهێشتین.

ماڵئاوایی ئەمجارەت زۆر بەسوێ بوو هاوار گیان، لە رێبوارێكی زامدار و رێگا دوور دەچیت, گۆمی خوینی نیشتمانت دایە دەستی تیشكی خۆر.

چاوەكانت بڕیبووە ئاسۆیەكی رووناك و ئومێدت بەرووناكی دوارۆژێكی سەربەرز و سەرفرازانەبوو، بەڵام مخابن مەرگ مەودای نەدای بگەیتە ئاسۆ و هەر لەنیوەی رێگاكەتەوە دایبڕی لەهاوڕێ و دایك و باوك و دۆستانت.

هەموو ساڵێك و هەموو پایزانێك و هەموو مانگێكی یانزە دیسان ئەوكاتەیە و دووبارە وشە شەڵاڵ ئەبێ و قەڵەم وشك هەڵدێ و هەستەكانم سڕ دەبن و زمانیش لەگۆ دەوەستێ بەرامبەر ئەو كۆچە ناوەختەی تۆ كردت.

چەند بەسوێیە ون كردنت، بۆشاییەكی وات درووستكرد پڕ كردنەوەی هەرگیز ئاسان نییە، تۆ لەوێیت و ئێمەش هەر خەریكی بۆڵەكردنین لەگەڵ رۆژگار، تۆ لەوێیت و ئێمەش هەر شەڕمانە لەگەڵ ژیان.

هەموو ساڵێك دووبارە دەگەمەوە رۆژی شەهید بونت، یادگارییە تاڵ و شیرینەكانی لەگەڵ تۆم هەن، دەمخاتەوە ژێر بارێكی یەكجار قورس و دووبارە مردنی دونیایەك چاوەڕوانی و بێ ئومێدی لە نەگەڕانەوەتم بیر دەخاتەوە.

شەهید هاوار رەمزی هیرانی

ساڵی 1977 لە خێزانێكی شۆڕشگێڕو قوربانیدەری ‌شارۆچكەی هیران لە دایكبووە، ئەو شارۆچكەیەی كە بەدرێژایی مێژوو بۆتە مەڵبەندی قارەمانانی گەلەكەمان و هەمیشە لەریزی پێشەوەی تێكۆشاندا بووە، پیشەنگی لێهاتوویی بۆ شۆڕش و كوردستان پەروەردە كردووە.

هەزار حەیف، لە رۆژی 9/11/1997 لە(گردی گەورە)ی نزیك هیران لەگەڵ فەرماندەی ناسراو تەحسین كاوانیدا شەهیدكران.

نەفرەت لەشەڕی نەگریسی ناوخۆ، روحی كاكە هاواری تەمەن بەهار شاد بێت.

ن: شاناز هیرانی، خوشكی شەهید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن