ئەنجومەنی فەتوای هەرێم وەرگرتنی كرێی پارێزەرایەتی لەكەیسی دۆڕاو بە حەرام دادەنێت و سەندیكای پارێزەرانیش وەڵام دەداتەوە

چاوپێکەوتن

25/10/2023     ژمارەی بینراو 652


راچڵەكین- 
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئەمڕۆ رایگەیاند كە وەرگرتنی كرێی پارێزەرایەتی لەكەیسی دۆڕاو حەرامە، ئەم فەتوایەی ئەنجومەنی فەتوا لە دوای پرسیاری كۆمەڵێك پارێزەرەوە دێت كە لە ئەنجومەنەكە كراوە سەبارەت بە حوكمی وەرگرتنی كرێی ماندوبونی پارێزەرایەتی (أتعاب المحاماە)، سەندیكای پارێزەرانی كوردستانیش وەڵامی ئەنجومەنەكە دەداتەوە و دەڵێت، ماندووبوونی پارێزەرایەتیی بە گوێرەی یاسا بەركارەكان دیاریكراوە. 

 ئەنجومەنی باڵای فەتوا بە كۆی دەنگی ئەندامەكانی پێیانوابو كە وەرگرتنی كرێی ماندوبونی پارێزەرایەتی (أتعاب المحاماە) لەو كەسەی كە هەمو دەعواكەی یان بەشێكی دۆڕاندوە حەرامە، پێویستە پارێزەران وەرینەگرن با دادگاش دیاری بكات و پێیان بدات.
ئەنجومەنی باڵای فەتوا رایگەیاند، وەرگرتنی پارە لەلایەن پارێزەرەوە لە كەیسێكدا كە نەیبردۆتەوە و دۆڕاندویەتی حەرامە و دەچێتە خانە خواردنی ماڵی خەڵكی بە بەتاڵ و بێ بەرامبەر.

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم فەتوایەی ئەنجومەنی فەتوای هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، لە رونكردنەوەكەشدا هاتووە:"ئێمە لە سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، پێمان وایە لەیەك تێنەگەیشتنێك هەیە و پرسیارەكە وەكو خۆی و بە تەواوی لایەنەكانی بە بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی فەتوا نەگەیشتووە". 

هەر لە روونكردنەوەكەدا سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەڵێت"ماندووبوونی پارێزەرایەتیی بە گوێرەی یاسای پارێزەرایەتیی و یاسا بەركارەكان دیاری كراوە، كە لە سەرچاوەی شەریعەتی ئیسلامی و عورفی كۆمەڵگای كوردەوارییی و یاساكانی هاوشێوەی پارێزەرایەتیی وڵاتانی ئیسلامییەوە هاتووە، كە زۆرینەی موسڵمانن و پابەندن بە پرنسیپەكانی ئیسلامەوە". 

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایگەیاندووە كە لە رۆژانی داهاتوو لەگەڵ بەڕێزان سەرۆك و ئەنجومەنی فەتوا لەسەر هێڵ دەبین و بابەتەكەیان بە تەواوی بۆ ڕوون دەكەینەوە و بەرچاو ڕوونیان لەو بارەیەوە پێ ڕادەگەیەنین

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن