راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، لێخۆشبونی 15%ی قەرزی كارەبا تاوەكو 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هەركەسێك دەیەوێت سودمەندبێت لە بڕیارەكە دەبێت تائەوكاتە قەرزەكانی پاكتاو بكات.
بەپێی راگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ شەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاوكرایەوە، دوابەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبونی 15%ی قەرزی كارەبا بۆ پۆلی (7 و 8) ماڵان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، كە لە بەرواری 23ی (تەموز/7) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، 24ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئاگاداری هاوڵاتیان دەكەنەوە كە لێخۆشبونی پۆلی ماڵان دو هەفتەی ماوە و بەرواری 23ی ئەم مانگە كۆتایی دێت، ئەگەر بیناوێت سودمەندبن دەبێت لەوماوەیەدا قەرزەكانیان پاكتاو بكەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی دەڵێت، هاوكات لێخۆشبونی 15%ی قەرزی كەڵەكەبوی پارەی كارەبا پۆلەكانی (بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی و حكومی) لە بەرواری 28ی (ئاب/8) چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت و بەروای 28ی 11ی ئەمساڵ كۆتایی دێت.