ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق راگەیەندراوێك لەبارەی رووداوەكەی حەمدانیە بڵاودەكاتەوە

عێراق

27/09/2023     ژمارەی بینراو 4134

 

راچڵەكین- 

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق رایدەگەیەنێت، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگر لە هۆڵی ئاهەنگەكان لە حەمدانیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بنمیچی هۆڵەكە بە جۆرە قوماشێك رووپۆشكرابوو كە بە شێوەیەكی خێرا گڕی دەگرت، دوای ئەوەی یاری ئاگرین بەكارهێنرا، بنمیچی هۆڵەكە گڕی گرت و دواتر تەشەنەی كرد بۆ هێلی كارەبا، لە ئێستاشدا خاوەن هۆڵەكە و دوو كەسی دیكە لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای داداوەریی عیراقەوە بڵاوكرایەوە"تیمێكی پسپۆڕ لێكۆلێنەوەیان بۆ رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی شەوی رابردووی هۆلێ بۆنە و ئاهەنگەكانی ناوچەی حەمدانیە پێكهێنا، ئاگرەكە لە كاتژمێر 11:00ی شەوی رابردوو كەوتەوە، لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوە دەزگا ئەمنییەكان راسپێردران بۆ دەستگیكردنی ئەو كەسانەی هۆكاربوون بۆ كەوتنەوەی ئاگرەكە، چەند كارمەندێكی رێكخستنی ناو هۆڵەكە و ئامادەكاری یارییە ئاگرینەكان كە هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكە بون، دەستگیركراون". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"بنمیچی هۆڵەكە بە جۆرە قوماشێك رووپۆشكرابوو، كە بە شێوەیەكی خێرا گڕی دەگرت، لە كاتی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكانی پەیوەست بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكە، قوماشی بنمیچی هۆڵەكە بە خێرایی گڕی گرتووە و بە ئاسانیش گەیشتووەتە هێلی كارەبای هۆڵەكە". 

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق دەڵێت"دەرگای باری لەناكاوی هۆڵەكە بچووك و نادیار بووە، ژمارەیەكی زۆریش ئامادەی ئاهەنگەكەبوون، بۆیە لە كاتی ئاگركەوتنەوەكە نەیانتوانیووە بە خێرایی هۆڵەكە چۆڵبكەن، لە ئەنجامدا زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا و 150 كەسی دیكە برینداربوون". 

ئەنجومەنی داداوەریی  رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو تۆمەتبارەكانی رووداوی ئاگركەوتنەوەكە چوار كەسەن لە ناویاندا خاوەن هۆڵەكەیە، لە ئێستاشدا خاوەن هۆڵەكە و دوو كەسی دیكە دەستگیراون و سەرجەمیان بەپێی ماددەی 342ی یاسای سزادانی عیراقی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن