رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا
راچڵەكین -
سەرۆككۆماری توركیا هۆشداری بە وڵاتێكی ئەوروپا دەدات كە رەزامەندی دەربڕینی وڵاتەكەی لەسەر بەئەندامبوونیان لە ناتۆ، پەیوەستە بەو بەڵێنانەی كە داویانە بە ئەنكەرە لەبارەی دژایەتیكردنی تیرۆر، راشیدەگەیەنێت، تائێستا دەسەڵاتدارانی ستۆكهۆڵم بەڵێنەكانیان جێبەجێ نەكردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەنوێترین لێدواندا سەبارەت بە پرسی بەئەندامبوونی سوید لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی ( ناتۆ )، رایگەیاند: رەزامەندی دەربڕینی پەرلەمانی توركیا لەسەر ئەندامییەتی ئەو وڵاتە لە ناتۆ، پەیوەستە بەو بەڵێنانەی كە پێشتر حكومەتی سوید دابووی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو نەهێشتنی چالاكیی گروپە تیرۆریستییەكانی لەسەر خاكی وڵاتەكەی.
سەرۆككۆماری توركیا وتیشی:" بەر لە هەر شتێك، پێویستە سوید بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات كە بەئێمەیان دابوو، راستە یاسای بەرەنگاربوونەوەیان تیرۆریان ئامادە كردووە، بەڵام ئەمە بەس نییەو دەبێ ناوەڕۆكی یاساكە جێبەجێ بكەن".
ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی سوید بەرامبەر چالاكییەكانی ئەو گروپ و رێكخراوانە دەربڕی كە ئەنكەرە بە لایەنگری پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتباریان دەكات، رایگەیاند: ئەو گروپ و رێكخراوانە بەئازادانە چالاكی لەناوخۆی سوید ئەنجام دەدەن، بێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێك لەدژیان بگیرێتەبەر.
لێدوانەكەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە تائێستا وڵاتەكەی رەزامەندی لەسەر بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دەرنەبڕیوە، لەوبارەیەشەوە چەندین مەرج و داواكاریی بەسەر ستۆكهۆڵمك سەپاندووە كە دەبێ جێبەجێیان بكات، لەوانەش قەدەغەكردنی چالاكییەكانی لایەنگرانی پەكەكە و رادەستكردنی دەیان ئەندام و سەركردەی ئەو حزبە، كە لەلایەن دادگاكانی توركیاوە داواكراون.