لایەنی شاردراوەی گفتووكانی شاندی هەرێم لە بەغدا ئاشكرا دەكرێت

ڕاپۆرت

16/09/2023     ژمارەی بینراو 749

راچڵەكین- 

محەمەد بەلداوی، جێگری سەرۆكی لیژنەی پلاندانان لە پەرلەمانی عیراق، وردەكاریی داواكارییەكانی شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكر دەكات و دەڵێت، بارزانی داوای دووبارە داڕشتنەوەی بڕگەكانی بودجەی كردووە،. 

بەلداوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، گفتووگۆكانی شاندی هەرێم گۆڕا بۆ دیالۆگێگی ڕاشكاوانە لەگەڵ هەردوو لایەنی حكومەت و سەركردە و سەرۆكەكانی ئیدارەی دەوڵەت. 

بە وتەی محەمەد بەلداوی"شاندەكەی هەرێم دوو داواكاری خستەڕوو، یەكەمیان دابینكردنی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دووەمیان چاوخشاندنەوە  بە هەموو ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە كوردەوە لە بودجەی فیدراڵی". 

بەلداوی لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت"لایەنی بەرامبەر كە حكومەت و هێزە سیاسییەكانە، داوای هەڵوێستی ئاشكرایان لە هەرێم كرد، سەبارەت بە مامەڵەكانی لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی و پابەندبوونی بە یاسا و دەستوور، لەگەڵ نیشاندانی هەڵوێستێكی روون بەرامبەر لێدوانی بەشێك لە سەركردەكانی كورد كە هێرشیان كردبووە سەر حكومەتی فیدراڵی و پێكهاتەی شیعە". 

جێگری سەرۆكی لیژنەی پلاندانان لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندووە"حكومەت داوای لە شاندەكەی هەرێم كردووە، بودجە بكرێتە بنەمایەك بۆ مامەڵەكردن لە نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، هەروەها بۆ خێراتركردنی پرۆسەی كۆتایی هێنان بەبوونی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و گروپە چەكدارەكانیان لەسەر سنورەكانی كۆماری ئیسلامی". 

محەمەد بەلداوی لە درێژەی قسەكانیدا وتی"ئەوەی شاندی هەرێم داوای كردبوو سەبارەت بە پێدانی 800 ملیار دینار، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تاوتوێ دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت، بەرلەوەش پەرلەمان میوانداری وەزیرەكانی دارایی هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم دەكرێت لە پەرلەمان، تا وردەكاری تەواوی ئەو پارەیەی هەرێم وەریگرتووە و بۆ چی خەرجكراوە بخرێتەڕوو". 

پێنجشەممەی ڕابردوو شاندێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێك كۆبووەوە كە دیارترینیان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن